رووداو دیجیتاڵ
بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی و نرخی 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێریش هۆکاری ئەمە بۆ کەمیی خستنەڕوو و زیادبوونی خواست دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزیوە و لە بازاڕی دراوی هەولێر نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 169 هەزار و 100 دینار".
بە گوتەی سیامەند مەولوود، دوێنێ لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە 168 هەزار و 400 دینار بوو.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای دینار، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەهۆی کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕەکان و لە بەرامبەردا زۆربوونی خواست لەسەر کڕینیەتی.
رۆژی 6-10-2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا دەستکاری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بکات. بە جۆرێک کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی بە 1,500 دینارە بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,300 بوو). هەروەها فرۆشتن بە بانکەکان 1,510 دینارە بۆ هەر دۆلارێک (کە پێشتر 1,310 بوو) و فرۆشتن بە هاووڵاتییان 1,520 دینارە بۆ هەر دۆلارێک (کە پێشتر 1,320 دینار بوو).



.jpg&w=3840&q=75)