رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانى رۆژانەى گاز گەیشتووەتە سێ ملیار پێ سێجا و ئەو گازەى هاوردە دەکرێت نزیکەى 600 ملیۆن پێ سێجایە .
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: تێکڕای بەرهەمی گاز لە عێراق رۆژانە گەیشتووەتە سێ ملیار پێ سێجا.
بڕی بەکارهێنانی رۆژانەی گاز لە عێراق، زیاتر لە 4.5 ملیار پێ سێجایە و کورتهێنانی بە گازی هاوردەکراو پڕ دەکاتەوە.
سەلیم رووکابی رایگەیاند، کە بڕی گازی هاوردەکراو بەگوێرەی وەرزەکان و بڕی گازی بەرهەمهێنراو دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی رۆژانە نزیکەی 600 ملیۆن پێ سێجایە.
کورتهێنانی عێراق لە گاز لەکاتێکدایە هێشتا نزیکەی 30%ی گازی هاوەڵی کێڵگەکان دەسووتێندرێت و وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی دوو ملیار پێ سێجا گازی هاوەڵ بەرهەمدەهێنرێت، کە دەگاتە 70%ی سەرجەم گازی هاوەڵی کێڵگەکان.
زۆرینەی گازی هاوردەکراوی عێراق لە ئێرانەوەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
عێراق دوازدەیەمین وڵاتە لەسەر ئاستى جیهان بۆ یەدەگى گاز، کە زیاتر لە 111 ملیار پێ سێجایە.


