رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی عێراق، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی و 100 هەزار کەسی دیکەش بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی، هەروەها 100 هەزار کەسی دیکەش بە گرێبەست دادەمەزرێن؛ لەو ژمارەیەشدا 50 هەزاریان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەبێت و 50 هەزارەکەی دیکەش بۆ کەرتی مەدەنی تەرخان دەکرێت."
سەبارەت بە بەشەبودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو دامەزراندنانە، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد:"فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی داوە 12.70٪ی ئەو دامەزراندنانە بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ئێمەش هیوادارین وەزیری دارایی عێراق لەسەر بەڵێنەکەی خۆی بمێنێتەوە و جێبەجێی بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ دامەزراندنێکی نوێی هەمیشەیی دیاری نەکراوە و تەنیا بەشێوەی گرێبەست دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوەن:
خەرجیی گشتی: 217.239 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
خەرجیی وەبەرهێنان : 47.897 تریلیۆن دینار
خەرجیی بەکارخستن: 169.342 تریلیۆن دینار
شایستەی فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی: 68.125 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.951 تریلیۆن دینار)
چاودێریی کۆمەڵایەتی : 33.032 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.329 تریلیۆن دینار)
مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی: 101.157 تریلیۆن دینار
داهاتی گشتی: 174.234 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
داهاتی نەوتی : 144.720 تریلیۆن دینار
هەناردەی نەوتی خاو: 127.020 تریلیۆن دینار (بەپێی هەژمارکردنی هەناردەی 4 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بە نرخی 58 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی 1500 دینار)
بڕگەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان: بۆ یەکەمجار بە بڕی 17 تریلیۆن دینار زیادکراوە (بەپێی نرخی 40 دۆلار و بڕی 776 هەزار بەرمیل رۆژانە هەژمارکراوە)
داهاتی کانزاکانی دیکە = 700 ملیار دینار
داهاتی نانەوتی: 29.514 تریلیۆن دینار
کورتهێنانی پێشبینیکراو : 43 تریلیۆن دینار
پشکی هەرێمی کوردستان: 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینارە.
لەکاتێکدایە پشکی هەرێـمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2023دا، 16 تریلیۆن و 498 ملیار دیناربوو.
نرخی دۆلار، 100 دۆلار لە 130 هەزار دینارەوە کراوەتەوە 150 هەزار دینار، بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق، بەم شێوەیە داهات 19.204 تریلیۆن دینار زیاد دەکات .
