رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکین ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 400 دۆلار بەرزبووەوە و یەک بیتکۆین بە 80 هەزار و 820 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە چارتی پێنج کاژێریدا، نرخی بیتکۆین لەنێوان مەودای 80,500 بۆ 85,000 دۆلاردا ماوەتەوە و جووڵەیەکی کەمی هەیە. تائەو کاتەشی نرخ لە خوار 83,052 دۆلارەوە بمێنێتەوە، فرۆشیاران کۆنترۆڵی رەوتی بازاڕیان لەدەستدا دەبێت.
لە ئەگەری شکاندنی ئاستی پاڵپشتیی 80,500 دۆلار بۆ خوارەوە، پێشبینی دەکرێت نرخ بەرەو 77,781 دۆلار پاشەکشە بکات، بەڵام هەڵبەزینەوەی نرخ لەو ئاستەدا، دەکرێت ببێتە سەرەتای شەپۆلێکی کورتخایەنی بەرزبوونەوە و هێوربوونەوەی بازاڕ.
بازرگانێکی کریپتۆ دوای 26 ملیۆن دۆلار زیان، گرەو لەسەر بەرزبوونەوەی بیتکۆین دەکات.
بەپێی پلاتفۆڕمی (پلوانگ) تایبەت بە مامەڵەی دراوی دیجیتاڵی و بازاڕە داراییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، هەژمارێکی نەناسراوی دراوە دیجیتاڵییەکان، مامەڵەیەکی فرۆشتنی بیتکۆینی بە بەهای نزیکەی 1.56 ملیۆن دۆلار داخست و لە هەمان کاتدا گرێبەستێکی کڕینی بە بەهای نزیکەی 3.09 ملیۆن دۆلار کردەوە. نرخی داخرانی گرێبەستی پێشوو 80,822 دۆلار بووە، لە کاتێکدا نرخی کردنەوەی گرێبەستە نوێیەکە کەمێک نزمتر بووە لە 80,765 دۆلار.
سەرەڕای ئەم مامەڵانە، کۆی زیانە کەڵەکەبووەکانی ئەو هەژمارە لە مامەڵەکانیدا گەیشتووەتە نزیکەی 25.98 ملیۆن دۆلار. ئەم جووڵەیەش قەبارەی گەورەی مامەڵەکان و مەترسی زۆری مامەڵەکردن لە دەوروبەری ئاستی 80,800 دۆلاری نرخی بیتکۆیندا پێشاندەدات.
ئەم جموجووڵانەی ئەو هەژمارە لە سایەی بازاڕێکی ناجێگیری دراوە دیجیتاڵییەکاندایە. بەپێی داتاکانی بازاڕ، ئەمڕۆ رەوتێکی دابەزینی گشتی باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە، بە جۆرێک لە نێو 50 دراوی دیجیتاڵیی سەرەکیدا، تەنیا 5 دراویان بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، لە بەرامبەردا 44 دراویان روویان لە دابەزین کردووە.



