رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی تورکیا دەڵێ، پێشبینی دەکرێ بڕی گەنمی بەرهەمهێندراو بە 288 کیلۆگرام بۆ هەر کەسێک، لە پێداویستیی ساڵانە زیاتر بێت.
فەهمی کیراز، سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی تورکیا ئاماژەی بە دووەم پێشبینیی بەرهەمی ئەم ساڵ کرد کە لەلایەن دەستەی ئاماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە و باسی لەوە کرد، ئەم وەرزە بارانبارین و کەشوهەوا لەباربوون و ئەمەش لە پێشبینییەکانی بەرهەمدا رەنگیداوەتەوە.
کیراز رایگەیاند، بەراورد بە پار، پێشبینی دەکرێ دانەوێڵە بە رێژەی 17.3%، میوە و خواردنەوە و بەهارات بە رێژەی 60.8% زیاد بکەن، بەڵام سەوزەوات بە رێژەی 0.8% کەم بکات.
سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی تورکیا، ئەم زانیاریانەی خوارەوەی خستەڕوو: "بەپێی پێشبینییەکان، بڕی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە دەگاتە 78.6 ملیۆن تۆن، سەوزەوات 33 ملیۆن تۆن، میوە و خواردنەوە و بەهاراتیش 31.5 ملیۆن تۆن. جێگەی دڵخۆشییە کە گەنم دەگاتە 24.8 ملیۆن تۆن و جۆ 10 ملیۆن تۆن. بەم شێوەیە، 24.8 ملیۆن تۆنی گەنم کە دەکاتە 288 کیلۆگرام بۆ هەر کەسێک، بە ئاسانی پێداویستیی ساڵانەی تورکیا کە 250 کیلۆگرامە پڕ دەکاتەوە و تەنانەت زیاتریشە. ئەمە پێشهاتێکی زۆر ئەرێنییە، چ بۆ ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتییان و چ بۆ دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵ."
کیراز ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێو ئەو دانەوێڵانەی رۆنیان لێ بەرهەم دەهێندرێ، تەنیا گوڵەبەڕۆژە بە رێژەی 22% زیادیکردووە و هەربۆیە "پێویستمان بە هاوردەکردنی نزیکەی 2.5 بۆ 3 ملیار دۆلار دەبێت."
هەروەها گوتی، "ئەمە بە روونی دەریدەخات کە پێویستە پشتیوانیی زیاتر بۆ ئەو جووتیارانە هەبێ کە بایەخ بەم جۆرە دانەوێڵەیە دەدەن.
کیراز باسی لەوە کرد کە تێکڕای بەرهەمی زەیتوون لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نزیکەی 2 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ بگاتە 4.3 ملیۆن تۆن.


