رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران دەکرێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی یەکەم دەکرێ."
بەپێی رێکارە داراییەکان، فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق پرۆسەی پارەدارکردنی بانکەکانی دەستپێکردووە و داوا لە یەکە ژمێریارییەکانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان کراوە سەردانی بانکەکان بکەن، بۆ ئەوەی بەپێی خشتە دیاریکراوەکان و لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە پارە بخرێتە سەر هەژماری مووچەخۆران.
بەپێی رێکارەکان، مانگانە دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێ.
رۆژی 21ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 10 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب بۆ بەغدا نێردراوە.


