رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت کەمێک دابەزی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ترسی پەککەوتنی خستنەڕووی نەوتی لە بازاڕەکاندا تا رادەیەک کەمکردەوە. سەرەڕای ئەوەش نرخی نەوتی برێنت لە نزیک بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردوودا مایەوە، بەو پێیەی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر سعودیە، هیوای سەقامگیریی دەستبەجێی لە ناوچەکەدا کاڵکردووەتەوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 66 سەنت یان بە رێژەی 0.57% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 115.15 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 44 سەنت، یان بە رێژەی 0.43% دابەزی بۆ 101.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
رۆژی دووشەممە نوێنەرانی سعودیە، تورکیا و پاکستان لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ریاز رایگەیاند ئامانجی سەردانەکە دروستکردنی کەناڵی دانوستاندن بووە بۆ رێگری لە گەڕانەوەی پەرەسەندنی سەربازی. میدیای فەرمیی ئێرانیش بڵاویکردەوە، هەر چوار وڵات رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری لەپێناو ئاشتی و ئاسایشدا.
دروستبوونی هیوا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەشێک لە نیگەرانییەکانی لەبارەی پەککەوتنی هەناردەی نەوت رەواندەوە و گوشاری خستە سەر نرخەکان، بەڵام دابەزینی نرخەکان سنووردار بوو، چونکە ئاسۆی ئاشتی هێشتا زۆر ناسکە لە سایەی بەردەوامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی لە واشنتن کۆکراونەتەوە کە لە ساڵی 2017ـەوە چاودێریی رووداوە ئەمنییە دەریاییەکان دەکات، مانگی تشرینی یەکەم خراپترین مانگ بووە لە رووی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و رێڕەوە ئاوییەکانی دەوروبەریدا لە دوای دەستپێکردنی تۆمارەکانەوە.
لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمزدا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 117 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستی بوو لە دوای مانگی نیسانەوە و، رۆژی دووشەممەش نرخەکەی جارێکی دیکە لە 117 دۆلار نزیک بووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کەرتی وزە ئاشکرایان کرد کە پاڵاوگەکانی رووسیا بەرهەمهێنانی گازوایل لە مانگی تشرینی یەکەمدا زیاد دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی مۆسکۆ پشکی هەناردەکردنی پێداون دوابەدوای رێککەوتنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بۆ دابینکردنی سووتەمەنی.
.jpg&w=3840&q=75)


