رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بەشە نەوتی سپی بەسەر خێزانەکاندا دەکرێ. پشکی هەر خێزانێک 100 لیتر دەبێت و وەرگرتنەکەیشی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی و پارەدانی دیجیتاڵییەوە دەبێت.
بەگوێرەی نووسراوی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئاراستەی دەستە و لقەکانی دابەشکردن لە پارێزگاکان کراوە، بڕیاردراوە بە تەرخانکردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی بەغدا، ناوچەی فوراتی نێوەڕاست، باشوور، دیالە و واست.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی رێنماییە باڵاکان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان و برەودان بە سیستمی بەبانکیکردن، وەرگرتنی نەوتی سپی تەنیا لەڕێگەی "کارتی سووتەمەنیی ئەلیکترۆنی" و شێوازی "پارەدانی ئەلیکترۆنی" دەبێت.
پشکی دیاریکراو بریتییە لە 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێک کە رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەست پێدەکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بەشە دیاریکراوەکان و رێنماییەکان کردووەتەوە، داوایش لە سەرجەم لقەکان کراوە رۆژانە و مانگانە لەڕێگەی راپۆرتی فەرمییەوە کارگێڕیی کۆمپانیا لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و هەر لەمپەرێک کە بێتە پێشەوە، ئاگادار بکەنەوە.
هەرێمی کوردستانیش چاوەڕێی هەناردەکردنی نەوتە لە لایەن عێراقەوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکات.



