رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای باینانس، گەورەترین پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان لە جیهاندا رایگەیاند، توانیویەتی 90٪ـی ئەو سەرمایە دیجیتاڵییانە قەرەبوو بکاتەوە کە لە هێرشە ئەلیکترۆنییە 6.3 ملیار دۆلارییەکەی رۆژی هەینیدا دزرابوون؛ هاوکات بەڵێنی دا سبەی یەکشەممە خزمەتگوزاریی راکێشانی پارە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران دەستپێبکاتەوە و گوتیشی، سەکۆکە سەرجەم زیانە داراییەکان لەئەستۆ دەگرێت و هیچ زیانێک بەر کڕیاران ناکەوێت.
رۆژی شەممە، 31-10-2026، باینانس لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 6.34 ملیار دۆلاری لە دارایی تایبەتیی کۆمپانیاکە بۆ پڕکردنەوەی زیانی هاککردنەکە تەرخانکردووە؛ بەپێی راگەیێندراوەکە، 10 لە سەرەکیترین دراوە دیجیتاڵییەکان (لەوانە: بیتکۆین، ئیسریۆم، تێزەر، بی ئێن بی، سۆلانا، یو ئێس دی سی و ریپڵ) بە تەواوی و بە رێژەی 100٪ پاڵپشتیی یەدەگیان بۆ دابینکراوەتەوە.
ئەو 10٪ـەی ماوەیشە تایبەتە بەو دراوانەی دەرەوەی ئەم 10 دراوە سەرەکییەن کە نەختینەیان لە بازاڕدا کەمە، بۆیە لە رێگەی بازاڕ و گرێبەستە راستەوخۆکانەوە کار بۆ کڕینەوەیان بەردەوامە تاوەکو قەرەبووی هەموویان دەگاتە 100٪.
بۆ قەرەبووکردنەوەی سەرمایەکە، باینانس پەنای بردووەتە بەر گەنجینەی تایبەتیی کۆمپانیا، بەشێک لە سندووقی بیمەی فیووچەرز و بەکارهێنانی بەشێک لە سندووقی فریاگوزاریی پاراستنی بەکارهێنەران (SAFU)؛ هاوکات بەڵێنی داوە باڵانسی سندووقی SAFU بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی یەک ملیار دۆلار تاوەکو وەک قەڵخانێکی دارایی بۆ دۆخی لەناکاو بمێنێتەوە.
کۆمپانیاکە دووپاتیکردەوە، وەک لە خشتەی پێشوودا دیاریکرابوو، رۆژی یەکشەممە، 01-11-2026، راکێشانی دراوەکان بۆ کڕیاران دەستپێدەکاتەوە، هەروەها پشکنین و بەڵگەی یەدەگی دارایی نوێکراوەتەوە تاوەکو هەموو بەکارهێنەرێک بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دڵنیا بێتەوە لەوەی سەرمایەکەی پارێزراوە.
رۆژی هەینی، 30-10-2026، باینانس رووبەڕووی گەورەترین هاککردن لە مێژووی کەرتی دراوە دیجیتاڵییەکاندا بووەوە کە بە 6.3 ملیار دۆلار مەزەندە کرا، ئەمەش چوار هێندەی ئەو بڕە پارەیەیە کە لە شوباتی پار لە سەکۆی (بایبیت) دزرا.
بەپێی بەدواداچوونی کۆمپانیاکانی لێکۆڵینەوەی بلۆکچەین وەک (تی ئار ئێم لابس) و (ئێلیپتیک)، هێرشەکە بە ئەگەری زۆرەوە لەلایەن گرووپی هاککەری سەر بە کۆریای باکوور ناسراو بە (ترەیدەر ترەیتەر) کراوە، کە بەشێکە لە گرووپی بەناوبانگی لازارۆس (ئەو گرووپەی لە ساڵی 2014 کۆمپانیای سۆنی پیکچەرزی هاککرد).
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخست، هاککەرەکان لە رێگەی کۆمپیوتەری ئەندازیارێکی سیستمی کارپێکردنەوە دزەیان کردووەتە نێو جزدانە ئۆنلاینەکانی باینانس و لە چەندین تۆڕی بلۆکچەینەوە دراوەکانیان راکێشاوە، بەڵام هیچ دزەپێکردنێکی کلیلە تایبەتەکانی جزدانەکان رووی نەداوە.
دوای رووداوەکە، کۆمپانیاکانی خاوەن دراوی سەقامگیر هاوکاریی دەستبەجێیان کرد؛ بە جۆرێک کۆمپانیای تێزەر 1.6 ملیار دۆلار و کۆمپانیای سێرکڵ زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلاریان لە دراوە دزراوەکان سڕ کرد، بەوەش نزیکەی 3 ملیار دۆلار لە سەرمایە دزراوەکە بلۆک کرا.
هاککردنەکە کاردانەوەی گەورەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند واشنتن بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکات، هەروەها نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
لە رووی ئابووریشەوە، بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان شۆکێکی کاتیی بەخۆیەوە بینی و نرخی بیتکۆین نزیکەی 5٪ دابەزی و بۆ ماوەیەکی کاتی گەیشتە 76 هەزار و 400 دۆلار کە نزمترین ئاستی بوو لە مانگی ئەیلوولەوە، ئیسریۆم 6٪ و دراوی فەرمیی باینانس (BNB) نزیکەی 10٪ دابەزی پێش ئەوەی دووبارە بەشێک لە بەهاکەیان بەدەستبهێننەوە.
ئەم هێرشە نیگەرانییەکی نوێشی لەنێو شارەزایانی تەکنەلۆژیادا دروستکردووە دەربارەی مەترسیی بەکارهێنانی تواناکانی ژیریی دەستکرد لە تێکشکاندنی پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکاندا.


