رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای زۆم کە لە سنووری پارێزگەی هەولێر رۆژانە بەرهەمی زیاتر لە 3,300 ئاژەڵدار وەردەگرێتەوە و دەیکاتە سپیاتی، ئەمڕۆ خەڵاتێکی جیهانی دەباتەوە. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە بەرهەمەکانیان شیری وشک و چەوری گیایی بەکارناهێنن.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-11-2026، کۆمپانیای زۆم خەڵاتی جیهانیی GRANDS PRIX Consumer 2026 وەربگرێت، کە خەڵاتەکە لەلایەن TOP/COM groupـەوە پێشکەش دەکرێت.
بەگوێرەی کۆمپانیای زۆم بۆ رووداو، ئێستا زیاتر لە 400 کارمەندیان هەیە و رۆژانە بەرهەمی ئاژەڵداران وەردەگرنەوە و لە بازاڕەکاندا ساخی دەکەنەوە، کە زیاتر لە 3300 ئاژەڵدار بەشێوەی راستەوخۆ لە پڕۆژەکە سوودمەندن.
عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکەمان نیشتمانییە و لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی دروستکراوە".
بەڕێوەبەری پڕۆژەی زۆم گوتی: "هەر لیترێک شیری ئاژەڵداران دەکڕین پشکنینی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لە کواڵیتی و تەندروستبوونی، پاشان بەرهەمی دەهێنین و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی شیر دەیگوازینەوە بۆ کارگە".
شێروانی دەڵێت: "بەهیچ شێوازێک مادەی پارێزەر لە بەرهەمەکان بەکارناهێنین، هیچ پێکهاتەیەکی وەکو شیری وشک و چەوری گیایی ناکەینە بەرهەمەکەنمان و تێچووەکەی زۆرە، نرخێکی زۆریش بۆ کڕینەوەی شیر دەدەینە ئاژەڵداران، بۆیە بەهۆی زۆریی تێچووەکەیەوە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی پشتیوانی داراییمان دەکات".
ئەو خەڵاتە ساڵانە پێشکەشی ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت، کە توانیویانە باشترین و کاریگەرترین کەمپەینی بەبازاڕکردن و پەیوەندی لەگەڵ کڕیاراندا دروست بکەن.
کۆمپانیای زۆم دەڵێت: "گرنگیی خەڵاتەکە لەوەدایە، کە وەک بڕوانامەیەکی باڵای نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی براندێک لە تێگەیشتن لە خواستەکانی خەڵک و راکێشانی سەرنجی بازاڕ، چونکە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنەکە لەلایەن لیژنەیەکی گەورە لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری بازرگانی و رێکلامەوە بەڕێوەدەچێت".
پڕۆژەی زۆم لە ساڵی 2020 لە گوندی ژاژووک لە قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگەی هەولێر بەردی بناخەی دانرا و لە 30ی ئایاری 2023ـدا کرایەوە.
کۆکردنەوەی بەرهەمی شیری ئاژەڵدارە گوندنشینەکان یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی پشتیوانیکردنی گوندنشینان لەلایەن کارگەکە، بۆ ئەم مەبەستەش 28 بنکەی وەرگرتنی شیری داناوە.
زۆم سەرەتا لە دامەزراندنی کارگەیەکی بەرهەمەکانی شیر دەستیپێکرد، ئێستا بووەتە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشەپێدانی سامانی ئاژەڵی و باشکردنی داهاتی گوندنشینان و ئاژەڵداران و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.
بەرهەمەکانی کۆمپانیای زۆم بریتین لە ماست، شیر، پەنیر، ماستاو، قەیماخ، ژاژی و نووشک.
زۆم خۆی وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی لە بواری کشتوکاڵدا پێناسە دەکات و ئامانجی خۆی بە پاڵپشتیی ئاژەڵداران، گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی نێوخۆ و دابینکردنی بەرهەمی شیرەمەنی خۆماڵیی بۆ خێزانەکان دەناسێنێت.



