رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی دیاری بواری ئابووریی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14%ـی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت و دەبێت پشکیشی لە بودجەدا هەر ئەو رێژەیە بێت، نەک 12.7%.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، پڕۆفیسۆر د. نەبیل جەعفەر مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 517 هەزار کەسە و ژمارەی دانیشتووانی عێراقیش 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسە."
نەبیل مەرسوومی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە کۆی دانیشتووانی عێراق هەژمار بکرێت، دەکاتە 14.14%، بۆیە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 14.14%ـە نەک 12.7%. ، ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن لە ئەلف و بێی ئابووری نازانن.
ئەو پێیوایە، "ئەو کێشەی ئێستا هەیە سیاسییە، ئەگەر پاساوی بەغدا ئەوەبێ، کە ژمارەی ئاوارەکانی لێ دەرهێناوە و ئەو رێژەیە ماوەتەوە، ئەمە کارێکی راست نییە، چونکە ئەو ئاوارە و خەڵکەش مرۆڤن و پێویستان بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی هەیە".
هەروەها دەڵێت: "پێویست بەم مشتومڕە ناکات، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان 14.14 بێت، ئەوا پشکەکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینار زیاد دەکات، ئەوەش ئەوەندە ناهێنێت، کێشە و گرفتی گەورەی لەسەر دروست بکرێت".
ئەو شارەزا ئابوورییە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو داتایانە ئاماری فەرمیی دەوڵەتی عێراقن و گوتی: "ئابووری بریتییە لە ژمارە و شیکردنەوە، نەک قسەی هەوایی و چیرۆک."

.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
