رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕی دراو لە هەولێر، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەراورد بە بەیانی بەرزبووەوە و 100 دۆلار گەیشتە 167 هەزار و 900 دینار.
ئەم ئێوارەیە سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەراورد بە بەیانی ئەمڕۆ، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر لە دوو هەزار دینار بەرزبووەوە".
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر، بەیانی 100 دۆلار بە 170 هەزار و 200 بۆ 600 دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام "ئێوارە لە کاتی داخستنی بازاڕدا بۆ 167 هەزار و 900 دینار دابەزی."
لەبارەی هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە، سیامەند مەولوود گوتی، بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ چەند لێدوانێکی عەلی زەیدی سەبارەت بە دابینکردنی دۆلار بۆ کۆمپانیاکان بە 152 هەزار دینار دەگەڕێتەوە؛ هاوکات زیادکردنی پشکی دۆلار بۆ گەشتیاران لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە.
رۆژی 21ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی و بانکە حکومییەکانی کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سیاسەتی نەختینەیی، چاکسازی لە بانکە حکومییەکان و رێکارەکانی جێگیرکردنی نرخ لە بازاڕەکاندا.




