رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین دەڵێت، بەهۆی ئەو رێکارانەی لەم دواییەدا بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوویەتییە بەر، مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتە بۆ خوار 1٪ کەمبووەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆنفرانسی ساڵانەی جایجینگ دەست رووداو کەوتووە، پەتاناسانی چین مەزەندەی ئەوە دەکەن هێشتا 10٪ بۆ 30٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە مەترسیی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن هەبێت. چاوەڕێش دەکەن لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی نوێدا دووچاری شەپۆلێکی سەختی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن ببنەوە.
حکومەت هۆکاری زیادبوونی ئەو مەترسییە بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و فێستیڤاڵی بەهار لە چین دەگەڕێنێتەوە، هەر بۆیە ئێستا لەو وڵاتە مەرجی چوونەژوورەوە بۆ تەواوی شوێنە گشتییەکان بەستنی دەمامکە و فەرمانبەرانیش دەبێت هەر دوو رۆژ جارێک پشکنینی کۆرۆنا بکەن. ئەمە جگە لەوەی، ئەوە هەفتەیەکە لە پەکین دەستکراوە بە دابەشکردنی پاکێجێک بەسەر خەڵکدا کە پێکدێت لە دەمامک، چارەسەری سەرەتایی و ئامێرێکی پشکنینی کۆرۆنا.
ناوەندی تەندروستیی نیشتمانیی چین دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە کە ئەوکات مەترسیی گیان لەدەستدان لە چین 17٪ بوو، رێکارەکانیان وایکردووە ئێستا رێژەی مەترسیی گیان لەدەستدان 0.31٪ بێت؛ ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مەترسیی گیان لەدەستدان لە جیهاندا بەهۆی کۆڤیدەوە 1.03٪یە.
مانگێک بەسەر راگەیاندنی باری نائاسایی لە چین تێدەپەڕێت کە لە ماوەی یەک رۆژدا 35 هەزار تووشبوو تۆمارکران، ئەو ژمارەیەش ریکۆردی زۆرترین ژمارەی تووشبوو بوو لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە ووهانی چین لە 2019.
چین دەڵێت، بەهۆی ئەو رێکارانەی گیراونەتە بەر ئێستا ژمارەی تووشبووان بۆ نزیکەی دوو هەزار کەس لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە و 90٪یشیان لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا چاکدەبنەوە.
