رووداو- تەندروستی
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بڕی پێویستیان لە ڤاکسینی هەوکردنی جگەر هەیە.
د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی رایگەیاند، بڕی پێویستیان لە ڤاکسینی هەوکردنی جگەر هەیە و حکومەتی عێراق لەژێر چاودێریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆیان دابین دەکات.
د. رزگار عەلی گوتی، "هەندێک جار بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە ڤاکسینەکە بەردەست نابێت، بەڵام ئێستا بەردەستە."
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو منداڵێک ئەگەر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان یان لە ماڵەوەش لەدایکبووبێت، دەتوانێت لای ئەوان ڤاکسینی هەوکردنی جگەر وەربگرێت کە بە 5 جار دەدرێت بە منداڵان.
ئەو پزیشکە داواشی کرد، ئەو کەسانەی لە بانکی خوێن، تاقیگە و سەرتاشخانەکان کاردەکەن، پێویستە ڤاکسینی هەوکردنی جگەری جۆری B وەربگرن.
