رووداو-تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری هۆشداری دەدات لە كەمبوونەوەی پێداویستیی پزیشكیی تاقیگەكان و رایدەگەیێنێت، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات تاوەکو مانگی 9 هیچ ماددەیەکیان نامێنێت.
سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەی کەمیی کەلوپەلی پشکنینمان هەیە و لە ئێستادا 30%ی مادە تاقیگەییەکەمان نەماوە."
بە گوتەی سامان سەرتیپ، پشکنینەکانی وەک شەکرە و هۆڕمۆنات لە نەخۆشخانەکەیان نەماون و ئەم کێشەیە لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی سنووری کفری بوونی هەیە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی هۆشداریی دا و گوتی، "تاوەکو مانگێکی دیکە 50%ی ماددە تاقیگەییەکان نامێنێت و تاوەکو مانگی 9ـیش هیچ ماددەیەکی تاقیگەیمان نامێنێت."



