رووداو - تەندروستی
دوو زانا لە تاقیگەیەکی حکومەتی ئەمریکا تۆمەتبار کران بە بردنی بە قاچاخى چەند نموونەیەکی ڤایرۆسی ناچالاککراوی ئێمپۆکس بۆ نێو وڵاتەکە لە ئەفریقاوە و بە لاڕێدابردنی لێکۆڵەران لە فڕۆکەخانەیەکی میشیگن کاتێک کە پشکنراون.
لە دادگەیەکی فیدراڵی لە شارێکی ویلایەتی میشیگن؛ سکاڵایەکی تاوانکاریی دژی (ڤینسێنت مونستەر، بەرپرسی بەشی ئیکۆلۆژیای ڤایرۆس لە تاقیگەکانی رۆکی ماونتەین لە هامیلتۆن لە ویلایەتی مۆنتانا و کلاود کوێ، کە لەگەڵیدا کار دەکات) ئاشکرا کرا.
مونستەر و کوێ کە دوو زانا تۆمەتبارەکەن، هەردووکیان دوای ئەوەی لە گەشتێکدا لە کۆنگۆی ئەفریقا بوون، کاتێک گەڕانەوە، راگیران، هۆکاری راگیرانەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی (ئێف بی ئای) لە دۆسیەیەکی دادگەدا رایگەیاند، ئەوانە کەرستەی بایۆلۆژی و نموونەی ناچالاکی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون کە پێی دەڵێن (MPOX)ـیان پێبووە و ویستوویانە بیهێننە ئەمریکا، لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا تیمی لێکۆڵەرانیان بە لاڕێدا بردووە بۆ ئەوەی ئەو نموونانە بشارنەوە.
ئەمەش بزانە؛ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون بە هۆکاری گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کۆنگۆ، کە ناوچەیەکی فراوانی نێوەڕاستی ئەفریقایە، دادەنرێت، هەرچەندە لە مانگی نیساندا کۆتاییهاتنی بڵاوبوونەوەی دوو ساڵەی نەخۆشییەکە راگەیێندرا.
بەگوێرەی ئێف بی ئای، ئەو دوو زانایە مۆڵەتی هاوردەکردنی ئەو مادەیانەیان نەبووە، وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکاش رایگەیاند کە هەر هەوڵێکی بە ئەنقەست بۆ شاردنەوە و بە قاچاخبردنی کەرستەی بایۆلۆژی بۆ نێو ئەمریکا بەبێ مۆڵەتی پێویست، پێشێلکردنی متمانەی گشتییە و دەکرێت خەڵکی خستبێتە مەترسییەوە''.
ئەمریکا ترسی لەوە هەیە کە ئەو ڤایرۆسە بەهۆی هەڵەیەکەوە یاخود بەهۆی ناڕێکی لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، لەنێو تاقیگەکانی وڵاتەکە بڵاو ببێتەوە و هەزاران کەس بکوژێت.
پەیمانگە نیشتمانییەکانی تەندروستی (NIH)، کە سەرپەرشتیی تاقیگەکە دەکات، رایانگەیاند: "ئەم بابەتە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و پەیمانگە نیشتمانییەکانی تەندروستی بە تەواوی هاوکاریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام و بابەتێکی پەیوەندیدار بە کارمەندانە، سنووردارین لەوەی چ زانیارییەکی زیاتر لەم کاتەدا بدەین''.
ئەمە وێنەی (کلاود کوێ و ڤینسێنت مونستەرە)

نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات.
گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
پێشگیریکردن لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست
لە ساڵی 2022، بۆ یەکەمجار پشتڕاستکرایەوە کە ڤایرۆسەکە لە رێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە و بووە هۆی بڵاوبوونەوە لە زیاتر لە 70 وڵاتدا کە پێشتر ئێمپۆکسیان تێدا تۆمار نەکرابوو.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)