رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی ئومێدی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە دهۆک رایدەگەیێنێت، تەنیا لە ساڵێکدا 30 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆک کردووە و زۆرترین تووشبووەکانیش هی شێرپەنجەی مەمکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-6-2026 د. چەکدار ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد بۆ شێرپەنجە لە دهۆک ئاشكرای کرد، نەخۆشخانەکە پێویستیی بە ژمارەیەکی زیاتر لە کارمەند، پزیشک و پەرستار هەیە، تەنانەت پێویستی بە ئامێر و ئۆتۆمبێلی نوێ هەیە، چونکە لەو کاتەی کە نەخۆشخانەکە کراوەتەوە هەر بەهەمان کارمەند و پزیشک بەڕێوەدەچێت کە لە نەخۆشخانەی ئازادی بوون.
لە ساڵی 2007ـەوە لە نەخۆشخانەی ئازادی بەشی شێرپەنجە کرایەوە، پاشان گەشەی کردووە و بوو بە نهۆمێکی تایبەت بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە، بەڵام بڕیاری کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە کرا کە ساڵی 2025 کرایەوە. د. چەکدار ئەحمەد گوتی، ''لەماوەی ساڵێکدا 30 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و بە خەرجیی زیاتر لە 8 ملیار دینار خزمەتی نەخۆشەکان کراوە''.
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە دهۆک سەنتەری چارەسەرکردن بە تیشک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە نییە و پڕۆژە هەیە بۆ دروستکردنی.
د. ئەفراسیاب مووسا ئەوەی گوت کە تەنیا 40 بۆ 45 تەخت هەبوون بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی، بەڵام ئێستا کار لەسەر کردنەوەی دوو سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە دەکرێت، پاشانیش نەخۆشخانەی ئومێد کە لە 160 تەخت پێکدێت کراوەتەوە و هەمووان لێی سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە بەراوردی نێوان ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2025دا ژمارەی تووشبووانی نوێی شێرپەنجەی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان 62٪ زیاد بووە؛ بەم شێوەیەی خوارەوە
- لە ساڵی 2020 دا 6293 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار كراون.
- لە 2021 دا بووەتە 7904 تووشبووی نوێ.
- لە 2022 دا بەرزبووەتەوە بۆ 9061 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2023دا ژمارەكە بەرزتر بووەتەوە و گەیشتووەتە 9911 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2024دا بووە بە 9596 تووشبووی نوێ.
- لە ساڵی 2025دا بووە بە 10245 تووشبووی نوێ.
واتە تەنیا ساڵی رابردوو رۆژانە نزیکەی 30 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون.



