رووداو-تەندروستی
پسپۆڕێکی دەرمانسازی رایدەگەیێنێت، ئەنسۆلینی هەڵمژراو ناتوانێت 100% جێگەی دەرزیی ئەنسۆلین بگرێتەوە، بەتایبەتی بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2026 د. رەوەند سیروان پسپۆڕی دەرمانساز لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ئەنسۆلینی هەڵمژراو دەتوانێت ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو منداڵان کەم بکاتەوە و کواڵیتی ژیانی خێزانەکان بەرز بکاتەوە."
سەبارەت بە تەمەنی گونجاو بۆ بەکارهێنانی، د. رەوەند سیروان گوتی، "ئەنسۆلینی هەڵمژراو بۆ منداڵی تەمەن 6 ساڵان و بەرەوسەرەوە پەسەند کراوە، چونکە ئەگەری هەیە سییەکانی منداڵان تاوەکو تەمەنی شەش ساڵی بە تەواوی گەشەیان نەکردبێت."
ئەو پسپۆڕە دەرمانسازە ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کەسێک ناتوانێت ئەنسۆلینی هەڵمژراو بەکاربهێنێت، بۆ نموونە ئەو کەسانەی هەستەوەری یان نەخۆشیی رەبۆیان هەیە، بۆیە پێویستە پێش بەکارهێنانی، پزیشک پشکنین بۆ سییەکانی نەخۆشەکە بکات بۆ ئەوەی بزانێت توانای وەرگرتنی هەیە یان نا.
لەبارەی بەردەستبوونی لە بازاڕەکاندا، د. رەوەند سیروان گوتی، "ئێستا ئەنسۆلینی هەڵمژراو لە بازاڕەکانی ئەمریکا بەردەستە، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە هەرێمی کوردستان، پێویستە سەرەتا دەرمانەکە تۆمار بکرێت و بە رێکارەکانی کواڵیتی کۆنتڕۆڵی جۆریدا تێپەڕێت، ئینجا دەتوانرێت هاوردە بکرێت."



