رووداو - تەندروستی
هاونیشتمانییەک ڤیدیۆی شووتیەکی بڵاو کردووەتەوە کە دوای ئەوەی کڕیویەتی، هەستی بە ئاوسانی کردووە و کە لەتی دەکات، دەتەقێتەوە. ئەم ڤیدیۆیەش دەنگدانەوەی دروستکردووە و پسپۆڕێکیش دەڵێت: ئەوە بەهۆی ناڕێکییە لە هەڵگرتنی.
ئەو هاونیشتمانییە خەڵکی سلێمانییە و ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە، ئەو دەڵێت: دوای دوو کاژێر لە كڕینی شووتییەکە، هەستمان کرد ئاوساوە و هەوای کردووە، بەڵام کە لەتمان کرد ناوەکەی بووبوو بە ئاو و تەقی.
ئاماژەشی بەوە کردووە کە شووتییەکە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە و پێی وایە کە بەهۆی دەرمانە کشتوکاڵییەکانەوە وایلێهاتووە.
بەڵام ئەمڕۆ شەممە 13-6-2026 موسلیم سلێمان، پسپۆڕی زانستە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە کە سەرەکیترینیان مانەوەی شووتییەکەیە لەبەر خۆر و گەرمای زۆر. دەشکرێت بەیەکداکەوتنی شووتییەکە لەکاتی بارکردنیش هۆکار بێت بۆ ئەوە.
ئەو پسپۆڕە دڵنیایی دا کە بەئاوبوونی ناوی شووتی (وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە) پەیوەندیی بە دەرمان و مادەقڕکەرە کشتوکاڵییەکانەوە نییە، بەڵکو زیاتر بەهۆی ناڕێکییە لە هەڵگرتن و کۆگەکردنی شووتییەکە.
ئەم سوودانەی خوارەوەی شووتی بە پشت بەستنە بە مایۆکلینیک، کلیڤلاندی پزیشکی و کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا لەگەڵ دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا؛
1- شووتی هیچ چەورییەکی تێدا نییە.
2- یارمەتیدەرێکی نایابە بۆ زوو چاکبوونەوەی ماسوولکەکان بۆ کەسانی وەرزشڤان.
3- دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A, C و پۆتاسیۆم کە پێست گەنجتر دەکەنەوە و دژە پیربوونن.
4- یارمەتیدەرە لە هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن و باشترکردنی پێداڕۆیشتنی خوێن.
5- یارمەتیی کەمکردنەوەی قەبزی دەدات.
6- تەندروستیی چاوەکان و بینین باشتر دەکات.
7- رێگرە لە وشکبوونەوەی جەستە، چونکە 92٪ـی ئاوە.
8- مادەی دژەئۆکسێنەری لایکۆپینی تێدایە کە دژی شێرپەنجە و دژەپیربوونە.
9- فەرمانی گورچیلەکان باشتر دەکات و رێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە.
10- یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی گرژبوونی ماسوولکەکان.
ئەمەش بزانە
موسلیم سلێمان، لێپرسراوی تاقیگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە و پسپۆڕی زانستە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاندووە: شووتی نابێت ناوەکەی سووری تۆخ بێت، بەڵکو پێویستە مەیلەو پەمەیی بێت و توێکڵی ناوەوەی شووتییەکەش نابێت زەردباو بێت، بەڵکو پێویستە سپی بێت. (پێت دەڵێت، چۆن شووتی باش هەڵدەبژێریت؟)


