رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، راهێنانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆماوەی 90 تا 120 خولەک لە هەفتەیەکدا، مەترسیی مردنی پێشوەختە 13٪ تاوەکو 27٪ کەم دەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە سکووڵی پزیشکیی گشتیی زانکۆی هارڤارد کراوە کە تیایدا زانیاری و لێکدانەوەکانی 147 هەزار و 374 کەس لەماوەی 30 ساڵدا بەکارهاتن و توێژەران گەیشتوونەتە ئەنجامێک کە راهێنانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆ ماوەیەکی درێژ و بەردەوام ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک بە رێژەیەکی زۆر، کەم دەکەنەوە.
ییوین ژانگ، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: زۆرترین کاریگەریی بەسوودی ئەو وەرزشە بەهێزە لەسەر مێشک بووە کە 27٪ ئەگەری مردن بەهۆی کێشەکانی مێشک و دەمارەوە کەم دەکاتەوە و لەسەر دڵیش 19٪.
وەرزشەکانی وەکو (راکردن، پایکیلسواری، مەلەکردن، پەتپەتێن و رێکردن بە خێرایی) سوودی تەندروستی ئێکجار زۆریان هەیە، بەڵام وەرزشە قورس و چڕەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی بەشێوەیەکی بەرچاو ئەگەری تووشبوون بە شەکرە، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن باشتر کەم دەکاتەوە.
.png&w=3840&q=75)


