رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە چین لە چوارچێوەی سیستمی خۆبەخشانەی خوێنبەخشیندا بەشداری دەکەن. لەو وڵاتەشدا چەند رێکارێک بە خۆڕایی دراوە بە خوێنبەخشەکان.
لە رۆژی جیهانیی خوێنبەخشیندا کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتمانیی چین (NHC)، لەگەڵ هەشت بەڕێوەبەرایەتیی دیکەی حکومی، چالاکییەکیان رێکخست و بانگەوازێکی گشتییان بۆ خوێنبەخشینی خۆبەخشانە بڵاو کردەوە.
لە بانگەوازەکەدا داوا لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی چین (CPC)، ئەندامانی یەکێتیی لاوانی کۆمۆنیستی چین (CYLC)، بەرپرسانی ئۆرگانەکانی پارت و حکومەت، کارمەندانی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان، مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆکان، هەروەها خەڵک لە سەرجەم چین و توێژەکان کراوە کە کاتێک رەوشی تەندروستییان رێگەیان پێدەدات، بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە خوێنبەخشیندا بکەن.
سەرجەم ئەو خوێنەی کە بۆ چارەسەری کلینیکی لە چین پێویستە، بە تەواوی لە رێگەی بەخشینی خۆبەخشانەی هاووڵاتییانی تەندروستەوە دابیندەکرێت. چین لەڕووی کۆی گشتیی قەبارەی خوێنی بەخشراو، ژمارەی خوێنبەخشەکان و ئاستی سەلامەتیی خوێن، لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندایە.
بۆ هاندانی زیاتری خوێنبەخشین، لەو وڵاتە خوێنبەخشان مافی وەرگرتنی سیاسەتی ئاسانکارییان هەیە کە بەپێی رێساکانی ناوخۆیی، گواستنەوەی گشتیی بێبەرامبەر، چوونەژوورەوەی بێبەرامبەر بۆ پارکە حکومییەکان و بەخشین لە پارەی تۆمارکردنی سەردانی نەخۆشخانە گشتییەکان دەگرێتەوە.
ئەمانەش بزانە بەپێی WHO
- لە کۆی 120ملیۆن و 400 هەزار بەخشینی خوێن کە لە سەرانسەری جیهاندا کۆدەکرێنەوە، 36%ـیان لە وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرز کۆدەکرێنەوە، کە 15%ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
- لەنێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2023 نزیکەی 11 ملیۆن بەخشەری خوێن لە جیهاندا زیاد بوون.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، خوێنبەخشین ئەم سوودە تەندروستانەی هەیە؛
- هاوسەنگیی ئاسن لە خوێندا دەپارێزێت
- رێگە لە زیادبوونی ئاسن دەگرێت
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە
- تەندروستیی جگەر و دڵ دەپارێزێت
- یارمەتیی کەمبوونەوەی کێش دەدات
- خانەی نوێی خوێن دروستدەبن



