رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ژاپۆن دەریدەخات، بەرکەوتن بە گەرمای زۆر لە کاتی دووگیانیدا، مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەخت زیاد دەکات.
تویژینەوەیەکە لە پەیمانگای زانستی تۆکیۆ لەسەر نزیکەی 99 هەزار خانم کراوە و دەرکەوتووە خانمان لەنێوان هەفتەی 16 بۆ 22ی دووگیانیدا هەستیارترن بەرامبەر کاریگەرییەکانی گەرما، هەروەها خانمانی دووگیانی خوار تەمەن 35 ساڵ زیاتر لە خانمانی بەتەمەنتر رووبەڕووی ئەم مەترسییە دەبنەوە، ئەو دایکانەی لە هەفتەی 19ی دووگیانیاندا بەرکەوتنیان لەگەڵ گەرمای زۆردا هەبووە، مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەختیان بە رێژەی 16% زیاتر بووە بە بەراورد بەو دایکانەی بەرکەوتنیان نەبووە.
د. شوهێی تێرادا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵیت: " ئەم مەترسییە بۆ گەشەی خێرای کۆرپەلە و گۆڕانکارییەکانی جەستەی دایک لە ناوەڕاستی دووگیانیدا دەگەڕێتەوە، پلەی گەرمیی بەرز هەوکردن و نەرمبوونەوەی ملی منداڵدان خێراتر دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی لەدایکبوونی پێشوەخت".
د. شوهێی تێرادا، ئاماژە بەوەدەکات "لە قۆناخی ناوەڕاستی دووگیانیدا، دایکان پێویستە لە رۆژە زۆر گەرمەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەرەوە نەمێننەوە، دڵنیابن لە خواردنەوەی بڕی پێویستی شلەمەنی و بەشێوەیەکی گونجاو ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەکاربهێنن."


