رووداو- تەندروستی
دواین هەشت گەشتیاری ئەمریکی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی دەگمەنی هانتاڤایرۆس لە کەشتییەکی گەشتیاریدا بۆ ماوەی 42 رۆژ کەرەنتینە کرابوون، نەخۆشخانەیان لە ویلایەتی نەبراسکا جێهێشت.
وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا کۆتاییهاتنی کەرەنتینەکەی پشتڕاستکردەوە، ئێمیلی هیلارد، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، "بە هاوئاهەنگیی نێوان هاوبەشە فیدراڵی، ویلایەتی و ناوخۆییەکان، وەزارەتی تەندروستی گەلی ئەمریکامان پاراست، ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵکراوە، سەرکەوتووبووین."
مانگی رابردوو، زیاتر لە 120 کەس لە کەشتی MV Hondius، لەنێویاندا 18 ئەمریکی کە لە یەکەی کەرەنتینەی نیشتمانی لە ئۆماها خرانە ژێر چاودێرییەوە، بە گشتی 13 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسەکە تۆمارکراون، کە سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا.
ماوەی چاودێرییەکە 42 رۆژ بوو، چونکە نیشانەکانی هانتاڤایرۆس لە بڵاوبوونەوەکانی پێشوودا 42 رۆژی خایاند تاوەکو دەربکەون، هیچ کام لە گەشتیارە کەرەنتینکراوەکان نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوت.
هانتاڤایرۆس بە شێوەیەکی گشتی کاتێک بڵاودەبنەوە کە خەڵکی پاشماوەی پیسایی مشک و جورجەکان هەڵبمژن، بەڵام ئەو جۆرەی کە بووە هۆی ئەم بڵاوبوونەوەیە، ناسراوە بە ڤایرۆسی ئەندێز (Andes virus)، کە لە حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە لە نێوان مرۆڤەکاندا بڵاوببێتەوە.


