رووداو - تەندروستی
زانکۆی سلێمانی وەکو تاکە زانکۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری لە کۆنگرەی جیهانیی گەشەپێدانی بەردەوام دەکات لەژێر درووشمی 'کرداری هاوبەش بۆ داهاتوویەکی بەردەوام'.
ئەم کۆنگرەیە ساڵانە لەلایەن دامەزراوەی 'تایمز هایەر ئیجیوکەیشن' بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەیەکی وڵاتی خانەخوێ دەکرێت و ئامانجی رەخساندنی پلاتفۆڕمێکی جیهانییە بۆ کۆکردنەوەی زانکۆ، حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو گۆڕینەوەی ئەزموون و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
هەروەها پێکەوە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان، ئەم ساڵیش لە شاری جاکارتای وڵاتی ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت و تائێستاش بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-6-2026 د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە و یەکێک لە ئەندامانی شاندی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: سەکۆیەکی تایبەت بە زانکۆکەمان داناوە ئەو کارانەمان دەخەینەڕوو کە بۆ پاراستنی ژینگە بە هاوبەشیی لەگەڵ رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) جێبەجێمان کردوون.
د. ژینۆ خالید روونی دەکاتەوە، ئەم ساڵ کۆنگرەکە چەندین تەوەری سەرەکی تێدا باس دەکرێت وەکو؛
- خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی شارەکان
- پەروەدە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی
- پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی پیسبوون
- ئابووریی چەمەرەیی (بازنەیی) (Circular Economy)
- وزەی نوێبووەوە و کەمکردنەوەی کاربۆن
- سەرچاوە سرووشتییەکان، کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک
لەکۆتایشدا گوتی، ئامانجی سەرەکیی بەشداربوونی زانکۆ بۆ دەرخستنی ئەو توانا و توێژینەوە و پڕۆژە زانستییە ئاستبەرزانە بووە کە بۆ چارەسەری کێشە ژینگەییەکان لە سەر ئاستی کۆمەڵگە ئەنجامدراون و ئەمە دەرفەتێک بوو کە بە جیهانی نیشانبدەین کە چی کراوە و چۆن کار بۆ چارەسەرەکان بەپێی بنەمانی گەشە پێدانی بەردەوام ئەنجام دراون لە ژینگەی هەرێمی کوردستان.



