رووداو - تەندروستی
دوو پزیشکی دڵ کە لە ئەڵمانیا کار دەکەن و بەشداریی کۆنگرەی دڵیان کردووە لە هەولێر رایدەگەیێنن، بەهۆی بیمەی تەندروستییەوە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا باشتر تەندروستیی خۆیان و دڵیان دەپارێزن.
ئەمڕۆ هەینی 26-6-2026 د. ئەحمەد نامیق، پسپۆڕی دڵ و قەستەرە لە ئەڵمانیا تایبەت بە رووداو ئاشکرای کرد، لە منداڵییەوە تاکی ئەڵمانی فێردەکرێت کە چالاک بن و بجووڵێن و خۆراکی تەندروست بخۆن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەوانە نییە.
لەبارەی بیمەی تەندروستییەوە دەڵێت: هەموو کەسێک لە ئەڵمانیا بیمە کراوە و ئەمەش وا دەکات زووتر پشکنینی ساڵانە و چارەسەری بۆ خۆیان بکەن.
ئەو پسپۆڕە پەسندی پێشکەوتنەکانی بواری دڵ لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بە پێویستی دەزانێت کە سیستمی بیمەی تەندروستی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی نەخۆش و هاونیشتمانییان بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە هەموو خزمەتگوزارییەک بگات.
بەگوتەی د. ئەحمەد نامیق، هاووڵاتییانی ئەڵمانیا ژیانیان دوای خانەنشینبوون دەستپێدەکات و ئەوەی لەوێ تەمەنی 60 ساڵە، رەنگە لە هەرێمی کوردستان 85 ساڵ بێت.
لە ئەڵمانیا هەر پزیشکێک لە نەخۆشخانە دەوام بکات، نابێت کلینیکی هەبێت
هەر ئەمڕۆ د. محەممەد ئەبوقوڕە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە جیاوزییەکان ئەوەیە کە ئێمە بیمەی تەندروستیمان هەیە لە ئەڵمانیا، ئەمەش ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک دەکات کە سەردانی پزیشک بکات. نەخۆش پێویست ناکات پارە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی پزیشک ببینێت.
ئەوەش رووندەکاتەوە ''هەر بۆیە بیمە وا لە نەخۆش دەکات لێپێچینەوە لە خۆی بکات و پشکنین بکات. بەتایبەت کە بۆ نەخۆشانی دڵ پێویستە هەر شەش مانگ جارێک پشکنین بکەن''.
هاوکات گوتیشی: من لە نەخۆشخانە کار دەکەم، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان کارکردنی پزیشکان لە ئەڵمانیا بەراورد بە عێراق. هەندێک پزیشک لە نەخۆشخانە کار دەکەن و هەندێکیش لە نۆرینگەکانیان، بۆیە هیچ تێکەڵاوبوونێک نییە و پزیشک لە نۆرینگەکەی یەک نەخۆش 20 بۆ 30 خولەک دەبینێت و ئەوان کاتی زیاتر بۆ نەخۆش دادەنێن.


