رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی سەیدسادق رایدەگەیێنێت، کێشەی ئەو پزیشکەی کە کلینیکەکەی بەهۆی دەوامنەکردنیەوە داخرابوو، چارەسەر کرا، بەبارەی کەمیی پسپۆڕیی چاویش روونکردنەوەی دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2025 د. سەفین حەمەڕەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهدی شەوکەت حاجی موشیر لە سەیدسادق بە رووداوی راگەیاند، لە مانگێکدا 4 رۆژ پزیشکی چاو بۆ مۆڵەتی شۆفێری دادەنیشێت و 4 رۆژ دیکە بۆ راوژکاری کە ئێستا دوو پزیشکی چاو دادەنیشن.
د. سەفین حەمەڕەشید لەبارەی ئەو پزیشکەوە قسەی کرد کە کلینیکەکەی داخرا بەهۆی ئەوەی پابەندی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی نەبووە کە ''دەبێت هەر پزیشکێک لەهەمان قەزا و ناحیە کە دوامی حکومی تێدا دەکات، کلینیکی تایبەتی خۆی دابنێت''. ئەو گوتی، ئێستا ئەو پزیشکە رازیبووە بە دەوامکردن لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت حاجی موشیر، بە شێوەیەک کە لە مانگێکدا 2 رۆژ بێت. بەمەش بۆی هەیە کلینیکەکەی لە سەیدسادق بکاتەوە.
هەرچەندە ئەو پزیشکەی کلینیکەکەی داخرابوو رەخنەی لە بڕیاری داخستنەکە هەبوو و گوتبووی، ''ئەوە ناوزڕاندنە نەک سزادان، چونکە ئەو لافیتەیەی لەسەر دەرگەی کلینیکەکەیان داوە، ئاماژەیە بە پابەندنەبوون بە مەرجی تەندروستی، کە دەبوایە بنووسرێت پابەندنەبوون بە مەرجە کارگێڕییە تەندروستییەکان'' هەر بۆیە د. سەفین دەڵێت: بە قایمقامیەت گوتراوە و وەڵامی ئەوانیش تەنیا ئەوە بووە کە ئەو جۆرە نووسینە بۆ هەموو شوێنێکە کە دایدەخەن و ناتوانن دەستکاری بکەن.
لە کۆتاییدا د. سەفین حەمەڕەشید گوتی: کێشەکی کەمیی پزیشکی چاو ئەوەیە کە کاتێک پزیشکان بۆرد دەخوێنن و تەواوی دەکەن، ئیدی دووبارە وەزارەتی تەندروستی بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەشیان دەکاتەوە، نەک ئەوەی کە هەر پزیشکێک بچێتەوە هەمان ئەو شوێنەی کە دەوامی تێدا کردووە.



