رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداریی تایبەت بە تووشبووانی شەکرە دەدات و دەڵێت، پێویستە چەند مانگ جارێک پشکنین بۆ ئێسکەکانیان بکەن، چونکە نەخۆشییەکەیان هۆکارێکە بۆ پووکانەوەی ئێسک.
د. هەڤاڵ سەردار، پسپۆڕی ئێسک و شکان لە هەولێر لە رێگەی رووداوەوە هۆشدارییەک بە تووشبووانی شەکرە دەدات کە بە کەمی پشكنینی ئێسکەکانیان دەکەن و ئەمەش وایان لێدەکات، تاوەکو قۆناخێکی پێشکەوتووی پووکانەوەی ئێسکەکان، پێی نەزانن و مەترسیی جیدییان بۆ دروستبکات.
بەگوتەی د. هەڤاڵ سەردار، ئەوانەی تووشبووی شەکرەی جۆری یەکەمن زیاتر ئێسکیان دەپووکێتەوە بەراورد بەوانەی تووشبووی شەکرەی جۆری دوون.
بۆ چارەسەریش پێشنیاز دەکات، بۆ پتەوبوونی ئێسکەکانی تووشبووانی شەکرە، خۆراکە دەوڵەمەند بە ڤیتامین D و کالسیۆمەکان بخۆن و وەرزشیش بکەن.


