رووداو - تەندروستی
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماری رۆژی شەممە "بە نەخۆشییەکی کتوپڕ" لە تەمەنی 71 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ وردەکاریی گیانلەدەستدانی ئاشکرا کرا.
لە راگەیێندراوێکی نووسینگەی گراهامدا هاتووە کە بەپێی ئەنجامەکانی نووسینگەی دادپزیشکیی ناوچەی کۆڵۆمبیای ئەمریکا، لیندزی گراهام بەهۆی دڕانی شاخوێنبەری دڵەوە گیانی لەدەستداوە، کە ئەوە دڕانی خوێنبەری سەرەکیی دڵە بۆ بەشەکانی جەستە. ئەمەش دەشێت بەهۆی رەقبوونی خوێنبەرەکانی دڵەوە بووبێت.
بەپێی مایۆکلینیک، ئەم دڕانە حاڵەتێکی پزیشکیی کتوپڕ و مەترسیدارە کە تێیدا توێی ناوەوەی خوێنبەرە سەرەکییەکەی جەستە (شاخوێنبەری دڵ) دەدڕێت. خوێن لە کونە دڕاوەکەوە پاڵ دەنێت و دەبێتە هۆی جیابوونەوەی توێیەکانی ناوەوە و ناوەڕاستی دیوارەکەی. زۆرجار دەبێتە هۆی مردن ئەگەر خوێن لە دەرەوەی دیواری شاخوێنبەرەکەوە بێتە دەرەوە، ئەمەش بەگوێرەی "مایۆ کلینیک".
د. مایکڵ ماک، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵ لە ئەمریکا دەڵێت: "50٪ی نەخۆشەکان دەگەنە نەخۆشخانە و نزیکەی نیوەیان رزگاریان دەبێت''. هەروەها دەشڵێت، ئەو دۆخە زۆرجار لەو کەسانە روودەدات کە دوای تەندروستیبوونێکی باش گیان لەدەستدەدەن.
نیشانەکانی ئەمانەن؛
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، دڕانی شاخوێنبەری دڵ تاڕادەیەک دەگمەنە و ساڵانە تووشی نزیکەی سێ بۆ چوار کەس دەبێت لە هەر 100 هەزار کەسێکدا.
گرووپە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە دڕانی شاخوێنبەری دڵ
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
- بەساڵداچوون.
- پیاوان.
- تووشبووانی رەقبوونی لوولەکانی خوێن.
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشەکان.
- ئەوانەی کحول دەخۆنەوە.
- ئەوانەی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە.
- ئەوانەی قەڵەون.
- ئەوانەی کەم دەجووڵێن.


