رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا بەهۆی جۆری نوێی ئیبۆلا بە ناوی بوندیبوگیۆ لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، دوو هەزار تووشبووی پشتڕاستکراوەی تێپەڕاندووە و ڤایرۆسەکە لە پێنج پارێزگادا بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە ئۆگەندای دراوسێ.
بەگوێرەی CDC، تاوەکو هەفتەی رابردوو، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ دوو هەزار و 124 تووشبووی پشتڕاستکراو و 828 حاڵەتی گیانلەدەستدانی راگەیاندووە. ئۆگەندا 20 تووشبووی پشتڕاستکراوە و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانی راگەیاندووە و هەموو تووشبووەکانی کامپالای پایتەختی ئەو وڵاتە پەیوەندییان بە گەشتکردنەوە هەبووە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆوە.
تائێستا یەک تووشبووی پشتڕاستکراوە لە فەرەنساش راگەیێندراوە. CDC رایگەیاند، بڵاوبوونەوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو خێراترە لە بڵاوبوونەوەکانی پێشووی ئێبۆلا و ئێستا سێیەم گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئێبۆلایە کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت.
ئەمە 17یەمین بڵاوبوونەوەی ئێبۆلایە لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لەوەتەی ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976دا دەستنیشان کرا. بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 17ی ئایاردا رایگەیاند، بڵاوبوونەوەکە دۆخێکی لەناکاوی تەندروستیی گشتییە و نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە (PHEIC)، کە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی.
ناوەندە جیهانییەکە رایگەیاند، بڵاوبوونەوەکە لە ماوەی 40 رۆژدا لە دەستپێکردنی هەوڵەکانی بەڕەنگاربوونەوە هەزار تووشبووی پشتڕاستکراوەی تێپەڕاند. بەراورد بە بڵاوبوونەوەی ئیبۆلای ساڵی 2018 لە کیڤۆی باکوور نزیکەی 235 رۆژی خایاند تاوەکو گەیشتە زیاتر لە هەزار تووشبوو. بەگوێرەی CDC، ژمارەی گیانلەدەستدانە راگەیێندراوەکانیش بە خێرایی بەرزبووەتەوە و لە هەفتەی یەکەمی مانگی تەممووزدا زیاتر لە 100 حاڵەتی گیانلەدەستدان راگەیێندراوە.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو


