رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، رێژەی کوتان لە کەمپەکانی ئاوارەکان زۆر کەمە، ئەمەشی بۆ کەمیی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-7-2026 د. بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، منداڵی تووشبووی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی وەکو ئەنفلەوەنزا و سوورێژە لەنێو کەمپەکاندا هەن و تێکەڵ بە منداڵانی دیکە دەبن، ئەمەش مەترسییان لەسەر دروستدەکات.
د. بێریڤان عەدنان دەڵێت: ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ کوتان لە کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان زۆر لاوازە، ئەمەش وایکردووە سوورێژە و نەخۆشییە ڤایرۆسییە کوشندەکانیان لەنێودا بڵاو ببێتەوە.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، هاوکارییەکانی یونیسێف بۆ پاڵپشتیی هەڵمەتی کوتان لە کەمپەکاندا نەماوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی بودجەی پاڵپشتیی هاوکارانی ئەو رێکخراوە. هەر بۆیە د. بێریڤان دەڵێت کە تیمەکانی تەندروستیی هەولێر هەڵمەتی کوتانیان بۆ دەکەن و چاودێریی وردی ئەو منداڵانەش دەکەن کە تووشی سوورێژە بوون.
کوتان، منداڵانی کوردستان لەم نەخۆشییانە دەپارێزێت
- سوورێژە
- ئیفلیجیی مێشک
- دڕکە و مێکوتە
- گزاز
- هەوکردنی تووندی پەردەی مێشک
- ئەنفلەوەنزا
- ڤایرۆسی پاپیلۆما [شێرپەنجە]
- هەوکردنەکانی جگەر
- کۆکە رەشە
- ملەخڕێ
- ئاوڵە
- هەوکردنی تووندی سییەکان [نیومۆکۆکاڵ]
- ڤایرۆسی شینگڵ
- سیل
- کۆلێرا
.png&w=3840&q=75)


