رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Nature Mental Health) بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات؛ کاریگەریی چەوریی جەستە لەسەر تەندروستیی مێشک تەنیا پشت بە کێش یان هاوکۆلکەی بارستایی جەستە (BMI) نابەستێت، بەڵکو پەیوەستە بە شوێنی کۆبوونەوەی چەورییەکەشەوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، چەوریی هەناوی، کە لە دەوری ئەندامە نێوەکییەکان کۆدەبێتەوە، پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشکدا کە رەنگە خێراترکردنی پرۆسەی پیربوونی نیشان بدات، ئەمەش لەوانەیە مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونەکانی تێگەیشتن و لەبیرچوونەوە لە داهاتوودا زیاد بکات.
ئەم دەرەنجامانە، دوای چەندین توێژینەوەی پێشووتر دێن کە قەڵەوییان بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوەوە بەستبووەوە، لە کاتێکدا ئەنجامە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنی کۆبوونەوەی چەوری رەنگە هۆکارێکی گرنگتر بێت لە خودی کێش لە هەڵسەنگاندنی ئەم مەترسییەدا.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هۆنگ کۆنگ سەرپەرشتی کراوە، پشتی بە شیکردنەوەی داتای زیاتر لە 18 هەزار بەشداربوو بەستووە.
توێژەران، رێژەی چەوریی کۆبووەوە لە قۆڵەکان، قاچەکان، قەد و چەوریی هەناویان بەراورد کردووە لەگەڵ وێنەی تیشکی موگناتیسیی مێشک و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی تێگەیشتنی بەشداربوواندا.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە هەر ناوچەیەکی جەستە شێوازێکی جیاوازی کاریگەریی لەسەر مێشک هەیە، چونکە چەوریی قۆڵەکان، قاچەکان، قەد و چەوریی هەناوی بە گۆڕانکاری لە تۆڕە جیاوازەکانی مێشکەوە بەستراونەتەوە کە بەرپرسن لە جووڵە، یادەوەری، سۆز و کارەکانی قەدی مێشک.
بەڵام چەوریی هەناوی، تاکە جۆر بوو کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە زیانگەیاندن بە مادەی سپی مێشکەوە هەبوو، کە ئەو ریشاڵە دەمارییانەیە کە ئاماژەکان لە نێوان خانە دەمارییەکاندا دەگوازنەوە و زیانگەیاندن پێی یەکێکە لەو نیشانانەی کە پەیوەستە بە لاوازبوونی تێگەیشتن کە لە ئەنجامی نەخۆشییەکانی خوێنبەرە بچووکەکانی مێشکەوە دروست دەبێت، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە.

.png&w=3840&q=75)
