رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ، تەنیا لە دوو مانگی رابردوو هەزار و 165 نەخۆشی تووشبووی سکچوون و رشانەوە تۆمار کراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-8-2026 د. دڵگەش عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، تووشبووانی سکچوون و رشانەوە ئێستا باوترینە و هۆکارەکانیش بۆ خواردنی خۆراکی زۆرماوە یاخود خۆراکی پیسبوو دەگەڕێتەوە.
بەگوتەی د. دڵگەش عەبدوڵڵا، هەر خۆراکێک لەبەر گەرمادا دابنرێت، ژەهراوی دەبێت و نابێت بخورێت. تەنانەت ئەوەشی باس کرد کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما رێژەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوەی دووهێندە کردووە.
ئەو پزیشکە رێنوینیی هاونیشتمانییان دەکات، تادەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە بەتایبەت لە کاتە گەرمەکانی رۆژدا (10 بەیانی بۆ 4ـی ئێوارە) هەروەها دوور بکەونەوە لە خۆراکی دەرەوە و هەمیشەش ئاوی پێویست بخۆنەوە.
لەکاتی بەرزبوونەوەی شەپۆلی گەرما ئەمانە جێبەجێ بکە
- نەچوونە بەرخۆر لە کاژێر 11ـی بەیانی تاوەکو 3ـی دوای نیوەڕۆ
- بەکارهێنانی دژەخۆر
- خواردنی سەوزە و میوەکان
- خواردنەوەی ئاو و شەربەتە سرووشتییەکان
- پێست بە شێداری بهێڵەرەوە
- لەکاتی چوونە دەرەوە، لەژێر سێبەردا رێ بکە
- لەکاتی چوونە دەرەوە 'کڵاو، چاویلکە و چەتر' بەکاربهێنە
- وەرزشەکانت بخەرە بەیانیان یاخود شەوان
- لەبەرکردنی پۆشاکی رەنگکاڵ و لۆکە
سەرچاوە: WHO لە عێراق


