رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی، هەموو ئەو مادانەی لە بەرهەمەکانی گرنگیپێدان و پاکڕاگرتنی قژ و پێستدا هەن وەکو (شامپۆ، سابوون، بۆن، هەویری ددان، ئارایشتی خانمان و دژەخۆر) لە نێو لیستی پێکهاتەکانیان نەنووسراون، بەڵام تێیاندایە. توێژەرانیش مەترسیی مادەیەکیش باس دەکەن کە لەسەر زۆرینەی بەرهەمەکان نانووسرێت.
توێژینەوەیەک لە پەیمانگەی توێژینەوەی ملیۆن مارکەر لە ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 113 بەرهەمی گرنگیپێدان و پاکڕاگرتنی قژ و پێست کرا، بە تێکڕا بەرهەمەکان سێ ئەوەندە زیاتر مادەی جیاوازیان تێدا بوو بەراورد بەوەی لە نێو لیستی پێکهاتەکانیان نووسرابوو.
د.جێنا هوا، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە و دامەزرێنەری پەیمانگەی توێژینەوەی ملیۆن مارکەر دەڵێت "ئێمە مادەی کیمیایی زیانبەخشمان لەو بەرهەمانەدا دۆزییەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مادەی زیانبەخش لە نێو بەرهەمەکانیاندا نییە''.
هەروەها ئەوەش باس دەکات کە مادەی کیمیایی دەستکردیان لە هەندێک بەرهەمدا دۆزییوەتەوە کە وەک 100٪ سرووشتی ناسێنرابوون.
نموونەی ئەو مادانەی لە توێژینەوە ئەمریکییەکە بەدیکران بریتیبوون لە سالەیت، پارابین، مادە کیمیاییە بۆندارەکان، سیلیکۆن و BHT. هەندێک لەم مادانە رەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، نەزۆکی، قەڵەوی و هەستیاریی تووند.
لە بارەی هۆکاری بوونی ئەم مادانە لەنێو بەرهەمەکانی جوانکاریدا توێژەرانی پەیمانگەکە روونی دەکەنەوە، دەرکەوتنی ئەم مادانە هەمیشە بەو مانایە نییە کە بەرهەمهێنەران بە مەبەست ئەم مادانەیان زیاد کردووە بەڵکو، ئەم مادانە دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان، کارلێکە کیمیاییەکان، کۆگاکردن یان پاکەتکردنەوە بچنە نێو بەرهەمەکانەوە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی؛ بەرکەوتن بە مادەی سالەیت دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕان لە کواڵیتیی سپێرم و کەمبوونەوەی ماوەی دووگیانبوون بەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ نەزۆکبوونی خانمان و پیاوان.
.png&w=3840&q=75)


.png&w=3840&q=75)