رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی پۆڵەندی دەریدەخات، ئەو مادەیەی رەنگی زەرد بە زەردەچەوە دەدات، بەهێزترین جۆری دژەشێرپەنجەیە بەتایبەت بۆ شێرپەنجەیەکی دەگمەن و کوشندە.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا لەزانکۆی پزیشکیی ڤرۆتسواڤ لە پۆڵەندا کاریگەریی پێنج ئاوێتەی سرووشتی لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان و خانە تەندروستەکان بەراورد کران و دەرکەوت؛ کورکومین کە لە زەردەچەوەدا هەیە و رەنگی زەردی پێدەبەخشێت، باشترین کاریگەریی هەبووە بۆ چارەسەری جۆرێکی دیاریکراوی شێرپەنجە بە ناوی فایبرۆسارکۆما (شێرپەنجەی بەستەرەکان).
پرۆفیسۆر د. جولیتا کولباکا، سەرۆکی بەشی بایۆلۆژیی زانکۆی ڤرۆتسواڤ دەڵێت "ئەم 5 ئاوێتە سرووشتییانە دەتوانن کاریگەریی زۆرتر لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دروستبکەن بە بەراورد بە خانە تەندروستەکان. لەنێو ئەو ئاوێتانەی تاقیکرانەوە، کورکومینە کە بەهێزترینیان بوو''.
بە گوێرەی توێژینەوە پۆڵەندییەکە، ئەو پێنج ئاوێتەی کاریگەرییان لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان دروستکرد بریتیبوون لە (کورکومین، بێربێرین، بایۆکانین A، کوکوربیتاسین E و CAPE) کە ئاستی وزە و چالاکیی خانە شێرپەنجەییەکانیان بە رێژەی %83-%92 دابەزاند، بەڵام بەهێزترینیان کورکومین بوو کە لەنێو زەردەچەوەدا هەیە و رەنگە زەردەکەی پێدەبەخشێت.
شێرپەنجەی بەستەرەکان (فایبرۆسارکۆما)، جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەیە کە لە شانە ریشاڵییەکانی جەستەدا دروستدەبێت، ئەم شانانە بەرپرسن لە پشتگیریکردن و پێکەوەبەستنی ئەندامەکانی جەستە وەکو بەستەرەکان، ئێسک و ماسوولکەکان.



