رووداو - تەندروستی
نەخۆشێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دڵی لە لێدان دەوەستێت و دوای ئەوەی دڵی دەخرێتەوە کار، رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجەش هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشەکە ئاشکرا دەکات.
لە مەڵبەندی تەندروستیی عەلی شیعە لە قەزای خورماڵ پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ دڵی دەوەستێت و دەگەیێندرێتە بەشی فریاکەوتن، دوای ئەوەی تیمەکان سینگە دڵەبووژاندنەوەی بۆ دەکەن، دڵی دەکەوێتەوە کار.
ئەمڕۆ شەممە 15-8-2026 هاوکار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی عەلی شیعە بە رووداوی راگەیاند، پیاوەکە هەستی بە چەند نیشانەیەکی پێشوەختەی جەڵتەی دڵ کردبوو وەکو سینگئێشە و سڕبوونی پەلەکان، بەڵام وایزانیبوو کەشەنگبوونێکی ئاساییە و پشتگوێی خستبوو، تا بە تووندی دڵی لە لێدان وەستا.
بەڕێوەبەری مەڵبەندەکە روونی دەکاتەوە، لەماوەی سێ خولەک و دوای سینگە دڵە بووژاندنەوەی کارەبایی، دڵی کەوتەوە کار و لە پشکنینەکاندا دەرکەوت؛ تووشی جەڵتە بووە لە بەشی خوارەوەی دڵی، ئینجا رەوانەی چاودێریی چڕی سلێمانی کرا.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
قەستەرە لە هەڵەبجە نییە
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە هۆکاری رەوانەکردنی نەخۆشەکە بۆ سلێمانی باس دەکات و دەڵێت، پێداویستیی قەستەرە و بووژاندنەوەی دڵمان نییە، بۆیە رەوانەی سلێمانی کرا.
د. ئازاد مستەفا ئەوە باس دەکات کە رەزامەندیی سەنتەرێکی قەستەرە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و تائێستا وەڵام نەدراوەتەوە، لەکاتێکدا باڵەخانە و پسپۆڕ هەن و تەنیا پێداویستیی و ئامێری قەستەرە ماوە کە دابینبکرێن.
ئەم وێنەیەی خوارەوە پاش دوو رۆژە لە رووداوەکە و نەخۆشەکە لەگەڵ کەسوکاری سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی مەڵبەندی تەندروستیی عەلی شیعە کردووە.


