رووداو- تەندروستی توێژینەوەیەک لە پەیمانگای لودویگ لە ئەمریکا، ئاماژە بەوەدەکات کاتێک بەکتریاکانی نێو ریخۆڵە ریشاڵی پێویستیان دەستناکەوێت، دەست دەکەن بە خواردنی ئەو چینە پارێزەرەی کە ریخۆڵەکانت دەپارێزێت. زانکۆ ئەمریکییەکە دەریخستووە سیستمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە ریشاڵ و جۆرێکی تایبەتی پڕۆتینی رووەکی، یارمەتی پاراستنی تەندروستیی ریخۆڵەکان دەدات و رێگری دەکات لەوەی بەکتریاکان زیان بە چینی پارێزەری ریخۆڵە بگەیێنن. پڕۆفیسۆر د. جۆشوا رابینۆویتز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە پەیمانگای لودویگ لە ئەمریکا، دەڵێت: "ریشاڵ و جۆرێکی دیاریکراوی پڕۆتینی رووەکی دەتوانن زیندەچالاکیی بەکتریاکانی ریخۆڵە بگۆڕن، بەشێوەیەک کە مادە سوودبەخشەکان زیاد بکەن و مادە زیانبەخشەکان کەم بکەنەوە." پڕۆفیسۆر د. جۆشوا رابینۆویتز ئاماژەی بە جۆرێک لە پڕۆتینی رووەکی کردووە بە ناوی (Prif) کە لە ریخۆڵەدا هەرس ناکرێن، بەڵام سوودی بۆ تەندروستی هەیە، کاتێک خۆراک ریشاڵ و ئەم جۆرە پڕۆتینەی تێدابێت، بەکتریاکان مادەی سوودبەخش بەناوی "فینۆڵ" بەرهەمدەهێنن، بەپێچەوانەوە لەکاتی کەمیی ریشاڵدا، بەکتریاکان جۆرێکی زیانبەخشی فینۆڵ دروستدەکەن. فینۆڵ، مادەیەکە لەلایەن بەکتریاکانی ریخۆڵەوە دروستدەبێت، لەنێو خۆراکدا ریشاڵ کەم دەبێت، لەم دۆخەدا بەکتریاکان ناچار دەبن چینی پارێزەری ریخۆڵەکانمان بخۆن، جۆرە سوودبەخشەکەشی کاتێک دروست دەبێت کە خۆراکمان دەوڵەمەند بێت بە ریشاڵ و پڕۆتینی رووەکی، چونکە بەکتریاکان لەجیاتی خواردنی ریخۆڵە، ئەو خۆراکانە هەرس دەکەن. سەرچاوە سەرەکییەکانی ریشاڵ: -دانەوێڵە تەواوەکان: وەک شۆفان، جۆ و برنجی قاوەیی. -میوەکان: وەک سێو، هەرمێ و تووەکان. -سەوزەوات: وەک بڕۆکلی، گێزەر و سپێناخ. سەرچاوە سەرەکییەکانی پڕۆتینی رووەکی: -پاقلەمەنییەکان: نۆک، نیسک و پۆلکە. -چەرەسات و تۆوەکان: وەک بادەم، گوێز و تۆوی چییا.