رووداو - تەندروستی ناوەندی مایۆکلینیک هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی ''جەڵتە گەرما'' و رایدەگەیێنێت، دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیان. ساڵانەش 490 هەزار کەس بە گەرما گیان لەدەستدەدەن. بەپێی مایۆکلینیک، ئەم دۆخە زۆربەی کات بەهۆی بەرکەوتنی درێژخایەن بە پلەی گەرمیی بەرز یان ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی لە گەرمادا روودەدات. چەند قۆناخێکی جیاواز بۆ تێکچوونی تەندروستی بەهۆی گەرمییەوە هەن، کە جەڵتەی گەرما مەترسیدارترینیانە. ئەم حاڵەتە دەکرێت کاتێک رووبدات کە پلەی گەرمیی جەستە بەرز ببێتەوە بۆ (40 پلەی سیلیزی) یان زیاتر. مایۆکلینیک جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەم حاڵەتە پێویستیی بە چاودێریی پزیشکیی بەپەلە هەیە، چونكە ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بۆ مێشک، دڵ، گورچیلە و ماسوولکەکان و لەکۆتاییشدا دەشێت بە گیانلەدەستدان کۆتایی بێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكرای دەکات، ساڵانە زیاتر لە 490 هەزار کەس بە کاریگەرییەکانی گەرمابردن و جەڵتەی گەرما گیان لەدەستدەدەن. بۆ خۆپاراستن لە جەڵتەی گەرما پێویستە؛ - پۆشاکی تەنک، فراوان، لۆکەیی یان کەتان لەبەر بکرێن. - بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکەی خۆر و دژەخۆر. - بە بەردەوامی بڕێکی زۆر شلە و ئاو وەربگیرێت. - هەرگیز کەس (بەتایبەت منداڵ) لەناو ئۆتۆمبێلی وەستاودا جێمەهێڵە، تەنانەت ئەگەر پەنجەرەکان کرابنەوە. - چالاکی و وەرزش بۆ کاتە فێنکەکانی رۆژ (بەیانی زوو یان ئێوارە) بگوازەوە.
تەندروستی17-08-2026پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی: هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ خواردنەوە ئاو نییە و هەموو کاتێک گونجاوە