رووداو - تەندروستی
دەستەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا نزیکەی 1.6 ملیۆن کارتۆنی هێلکەی بە ئەگەری پیسبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا کشاندنەوە. ئەمە ئەو جۆرە بەکتریایەیە کە دەبێتە هۆی گرانەتا.
بەرزکردنەوەی پۆلێنی مەترسییەکە لەلایەن دەستەی خۆراک و دەرمانەوە دوای سێ هەفتە دێت لەوەی کۆمپانیای میدوێست بۆ بەروبوومی پەلەوەری دەستیکرد بە کشاندنەوەی نزیکەی 19 ملیۆن هێلکەی تووشبوو، ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمپانیاکە کە لە 22ـی تەممووز لە ماڵپەڕی دەستەی خۆراک و دەرماندا بڵاوکرایەوە.
بەپێی دەزگاکە نیشانەکانی تووشبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا ئەمانەن؛
تا
سکچوون
دڵتێکهەڵاتن
رشانەوە
سکئێشە
بەگوێرەی دەستەی خۆراک و دەرمان، ئەو نموونانەی لە کێڵگەکان کۆکراونەتەوە، پشکنینەکانیان بۆ بەکتریای Salmonella Enteritidis پۆزەتیڤ دەرچووە و کە ئەمە لەو جۆرەیە کە هۆکاری گرانەتایە، بەڵام ئەمەیان نابێتە هۆی گرانەتا و زیاتر هۆکاری سکچوون و رشانەوەیە.
"نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی گشتی لەماوەی 12 بۆ 72 کاژێر دوای خواردنی خۆراکی پیسبوو بە سالمۆنێلا روودەدات و نیشانەکانیش بەزۆری چوار بۆ حەوت رۆژ دەخایەنن،" منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، بەساڵاچووان و ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانە تووندەکان هەیە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێلکەی پیسبوو بە سالمۆنێلا بووەتە هۆی تووشبوونی لانیکەم 98 کەس لە 17 ویلایەتدا، هیچ کەسێکیش بە نەخۆشییە گیانی لەدەستنەداوە.



