رووداو - تەندروستی
بەپێی مایۆکلینیک، کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست پێویستە رۆژانە نزیکەی 11 پەرداخ و نیو کە دەکاتە (2.7 لیتر) بۆ 15 پەرداخ و نیو کە دەکاتە (3.7 لیتر) شلە وەربگرێت، ئەمەش هەموو سەرچاوەکانی شلە دەگرێتەوە، نەک تەنیا ئاوی خواردنەوە.
رۆژانە جەستە ئاو لەدەستدەدات لەڕێگەی هەناسەدان، ئارەقەکردنەوە، میزکردن و پیساییکردندا. جەستە بڕی پێویست ئاو بەرهەم ناهێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لەدەستی دەدات، بۆ ژیان و مانەوە بە تەندروستی، پێویستە لە رێگەی خواردن و خواردنەوەکانتەوە قەرەبووی ئەو ئاوە بکەیتەوە.
ئەمرۆ دووشەممە 17-8-2026 د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی فسیۆڵۆژیی جەستە بە رووداوی راگەیاند، ئاو یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤ، لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی ئارەقەکردن، جەستە ئاوی زیاتر لەدەستدەدات، بۆیە گرنگە کە کەسەکان بە شێوەیەکی دروست و بەردەوام ئاو بخۆنەوە.
د. محەممەد میرزا دەڵێت: پێویستیی ئاو بۆ هەموو کەسێک یەکسان نییە، بە گشتی منداڵان بە پێی تەمەن و قەبارەیان کەمتریان پێویستە، لە کاتێکدا گەورەکان و کەسانی چالاک پێویستیی زیاتریان بە خواردنەوەی ئاو هەیە، هەروەها کەسی وەرزشکار و ئەو کەسانەی لە ژینگەی گەرم کار دەکەن پێویستییان بە ئاوی زیاتر هەیە.
د. محەممەد میرزا لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کاتێکمان نییە تایبەت بێت بە خواردنەوەی ئاو وا باشترە لەماوەی رۆژدا بە شێوەی بەردەوام ئاو بخۆینەوە.



