رووداو - تەندروستی
لە زانکۆی سیدنی، توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، رەنگە تاوەکو ساڵی 2050 زیاتر لە 2.6 ملیۆن ئوسترالی هەڵگری شێرپەنجە بن، کە بەراورد بە ساڵی 2025، نزیکەی یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن زانکۆی سیدنیی ئوسترالیاوە بڵاو کراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەموو تەمەنەکاندا بە رێژەی 57٪ زیاد دەکات، واتە لە 1.66 ملیۆن تووشبووی ساڵی رابردووەوە بۆ 2.61 ملیۆن کەس لە ساڵی 2050 زیاد دەبێت. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی دانیشتووان و چوونەتەمەنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی کە لە گۆڤاری لانسێت بڵاو کراوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان 80 ساڵ و زیاترە و هەڵگری شێرپەنجەن، زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکات.
پرۆفیسۆر د. کارێن کانفێڵ، توێژەرێکی زانکۆکەیە و دەڵێت: "ئەگەر بتوانین زوو دەستوەردان بکەین، لە رێگەی رێگریی باشتر، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و رێڕەوی چاودێرییەوە، ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت''.



