رووداو - تەندروستی
زەنجەبیل لە کاتێکدا زۆر کەس تەنیا بۆ تام و بۆن بەکاری دەهێنن، بەڵام رەنگە وەک قەڵخانێکی بەهێز دژی بەرزبوونەوەی شەکرە و هەوکردنەکان کار دەکات.
د. جەیک ئۆرێنت، لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی مێرسەر لە ئەمریکا، پشکنینیی شیکارییان کردووە و دەرکەوتووە؛
- بەکارهێنانی زەنجەبیل بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیی دابەزاندنی رێژەی شەکری خوێن لە کاتی برسیێتیدا دەدات، هەروەها نیشانەکانی کۆنتڕۆڵکردنی درێژخایەنی شەکرە باشتر دەکات.
- مادە چالاکەکانی نێو زەنجەبیل، هەوکردنی جەستە کەم دەکەنەوە.
- زەنجەبیل چارەسەرێکی سەلامەت و کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی دڵتێکهەڵهاتن و هێڵنجدان لەکاتی دووگیانیدا.
ئایا زەنجەبیل دەتوانێت جێگرەوەی دەرمانی شەکرە بێت؟
توێژینەوە ئەمریکییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرچەندە زەنجەبیل وەکو پاشکۆیەکی خۆراکی و دەرمانێکی سرووشتی سوودی زۆری هەیە، بەڵام بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان نابێت ببێتە جێگرەوەی تەواوی دەرمانە پزیشکییەکان، بەڵکو دەبێت وەک هاوکارێک لە سیستمی خۆراکیی رۆژانەدا بەکاربهێنرێت.
چۆن رۆژانە سوود لە زەنجەبیل وەربگرین؟
- بەپێی توێژینەوەکە، لە رۆژێکدا دەتوانیت بڕی 1 تاوەکو 3 گرام زەنجەبیلی تازە یان وشککراوە لەگەڵ هەر خۆراک و خواردنەوەیەکدا بخۆیت بۆ سوودوەرگرتن لە دژی بەرزبوونەوەی شەکرە و هەوکردن.



