رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوە و نەبوونی دەرزیی ئەنسۆلین لە شێوەی قەڵەم، مەترسیی دەکەوێتە سەر ژیانی ئەو تووشبووانەی شەکرە کە پێویستییان بە دەرمانەکەیە. هاونیشتمانییەک لە هەولێر بە گریانەوە هانای بۆ رووداو هێناوە و دەڵێت، ''نەخۆشم و پێویستم بە دەرزیی ئەنسۆلینە، بەڵام ئەو جۆرەی کە پێشتر بەکارم دەهێنا، ئێستا دەستم ناکەوێت''.
دوای قسەی ئەو هاونیشتمانییە، قسەمان لەگەڵ د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر کرد و پێی راگەیاندین ''بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز و وەستانی ناردنی (دەرزیی ئەنسۆلین لە شێوەی قەڵەم) لە عێراقەوە، بڕی دەرمانەکە کەم بووەتەوە.. هەرچەندە ئێستا لە کەرتی حکومیدا جۆرێکی دیکەی هەیە''.
لە هەولێر سەنتەرێکی شەکرە هەیە بە ناوی (سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان) کە دەرمانی ئەنسۆلینی تێدایە. د. مەهدی حەمەدەمین، بەڕێوەبەری سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان بە رووداوی راگەیاند، جۆرێکی ئەنسۆلین لە هەموو عێراق بەردەستە کە بە سێ شێوە بەردەستە و بە سرنج دەدرێتە تووشبووان کە جۆرێکی باوە.
بەڵام ئەوەشی لەبارەی جۆرە نوێیەکەی دەرزیی ئەنسۆلین گوت کە لە شێوەی قەڵەم وەردەگیرێت، ''لە سەنتەری حکومیدا نییە و بەغدا زۆر بەکەمی دەینێرێت، بەڵام هەمان کاریگەریی ئەو ئەنسۆلینەیە کە لە حکومیدا هەیە''.
د. مەهدی حەمەدەمین ئەوەش باس دەکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردن شەکرە هەردوو جۆری ئەنسۆلینەکە کاریگەرن و ئانجامی باشیان هەیە. ئەوەشی لە کەرتی حکومیدا هەیە هی باشترین کۆمپانیای دەرمانە و کواڵیتیی بەرزە. هەر بۆیە دڵنیایی دەداتە تووشبووانی شەکرە کە دەتوانن بچنە سەنتەرە حکومییەکان و ئەنسۆلین وەربگرن.
دکتۆر کۆچەر ئیسماعیل، خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی سەروەران بە رووداوی راگەیاندووە، دەرمانەکانی ئەنسۆلین لەشێوەی قەڵەم زۆر کەم بوونەتەوە و ''ستۆک ئاوت'' بوون.
''ئەنسۆلینی قەڵەم هەمان کاریگەریی ئەنسۆلینی سرنج هەیە''
ئەمڕۆ سێشەممە 18-8-2026 د. بڵند بەیار، بەرپرسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان (نەگوازراوەکان) لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەنسۆلین دەرمانێکی رزگارکەری ژیانە و ئەگەر تووشبووانی شەکرە دەستیان نەکەوێت و دوابکەون لە بەکارهێنانی، ئەوا زیانی جیدی بەر تەندروستییان دەکەوێت.
د. بڵند بەیار دەڵێت: مەرج نییە ئەنسۆلین تەنیا بە شێوەی قەڵەمەکە کاریگەر بێت، بەڵکو ئەوەی ئێستا هەیە و ئەنجامێکی زۆر باشی هەیە بەشێوەی دەرزیی سرنج (Vial) لە سەنتەرە حکومییەکان بە نرخێکی زۆر هەرزان دەستدەکەوێت و هەمان کاریگەریی ئەنسۆلینە قەڵەمەکەی هەیە.
ئەو ئاشکرای کرد کە لە دهۆکیش کێشەی کەمیی دەرمانی ئەنسۆلینی قەڵەم هەیە، چونکە کەم هاوردە دەکرێت و نرخەکەشی گرانە، تەنانەت ئەوەش باس دەکات ''نرخی یەک ئەنسۆلینی قەڵەم 15 هەزار دینارە و مانگانە تووشبوویەکی شەکرە پێویستیی بە 65 بۆ 70 هەزار دینار هەیە، لەکاتێکدا ئەنسۆلینی سرنج نرخی لە حکومی یەک هەزار دینارە و هەمان کاریگەریشی هەیە''.
د. بڵند وەکو پسپۆڕێکی شەکرە، هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی، هەردوو شێوەکەی دەرمانی ئەنسۆلین هەمان کاریگەرییان هەیە و پێویست ناکات هیچ پزیشکێک و نەخۆشێک جیاکاری لەنێوانیاندا بکەن.
لە سلێمانی 45 هەزار تووشبووی تۆمارکراوی شەکرە هەن و 60٪ـیان ئەنسۆلینی سرنج وەردەگرن
هەر ئەمڕۆ رەحمان مەحموود، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تەنیا ئەو جۆرە بەردەستە کە بە سێ شێوە بەردەستە و بە سرنج دەدرێتە تووشبووان کە جۆرێکی باوە و عێراق دابینی دەکات.
رەحمان مەحموود ئاشکرای دەکات، بەغدا زۆر بە کەمی ئەنسۆلینی قەڵەم دەنێرێت، بەجۆرێک لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا تەنیا ئەم ساڵ دوو هەزار دانەی ناردووە و ئیدی نەیناردووەتەوە.
ئەوەشی گوت: 45 هەزار تووشبوو لە سەنتەری شەکرە لە سلێمانی تۆمار کراون کە 60٪ـیان ئەنسۆلینی سرنجەکە بەکاردەهێنن، ئەو سنرجەش لە دەرمانخانە تایبەتییەکاندا نرخی 20 بۆ 25 هەزار دینارە، بەڵام لە سەنتەرە حکومییەکان نزیکە لە خۆڕایی.



.png&w=3840&q=75)