رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەک لە ئەمریکا، خێزانەکان دیاردەیەک بەدی دەکەن کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکدا (تەنانەت لە خوار 10 ساڵی) نیشانەکانی باڵخبوونیان تێدا دەردەکەوێت.
د. شانتا سوان، پسپۆڕی پزیشکی ژینگە لە کۆلێژی پزیشکیی سینای لە نیویۆڕک، لەئەنجامی توێژینەوەی هەزاران منداڵ دەریخستووە، ئەو ماددە کیمیاییانەی ناو بووتڵی پلاستیک، قاپی پلاستیکی گەرمکراو، و شامپۆ و کرێمەکان، جەستەی منداڵ هەڵدەخەڵەتێنن، وا لە جەستەی کچەکە دەکەن زووتر لە تەمەنی خۆی گەشە بکات.
د. ئەلیزابێس جێسپرۆم، پزیشکی پسپۆڕی هۆڕمۆنی منداڵان ئاماژە بەوە دەکات، باڵخبوونی پێشوەختە تەنها کێشەی تەمەنی منداڵی نییە. جەستەی ئەو کچەی لە تەمەنێکی بچووکەوە باڵخ دەبێت، بۆ ماوەیەکی زۆرتر بەر هۆڕمۆنی ئێسترۆجین دەکەوێت، ئەمەش لە تەمەنی گەورەییدا مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، نەخۆشییەکانی منداڵدان و نەخۆشیی دڵ بەرز دەکاتەوە.
د. ئەلیزابێس جێسپرۆم دەریخستووە، خواردنی ئامادەکراو چەوریی زۆر، هۆڕمۆنێک لەجەستە زیاد دەکەن کە سیگناڵ بۆ مێشک دەنێرێت تا جەستە پێشوەختە بچێتە قۆناخی باڵخبوونەوە. هۆڕمۆنی لیپتین (Leptin) کە پەیوەندیدارە بە بڕی چەوری جەستە، لەگەڵ فشارە دەروونییەکانی سەردەمی کەرەنتینەی کۆڤید-19، هاوکاربوون لە پێشخستنی تەمەنی باڵخبوون لە کچانی خوار تەمەن هەشت ساڵیدا.
پزیشکانی ئەم توێژینەوەیە رێنوێنی دەکەن؛
- ئاو و خواردنی گەرم مەکەنە ناو قابی پلاستیک. لەبری ئەوە بتڵ و قاپی شووشە یان ئەلەمنیۆم بەکاربهێنن.
- بەرهەمی بێ کیمیایی بکڕن سەیر بکەن ئەو کرێم و شامپۆیانەی بۆ کچەکانتانی دەکڕن نووسرابێت بێ (Phthalate) یان بێ (Paraben)ن. ئەم مادانە سیستەمی هۆڕمۆنی جەستەی منداڵ تێکدەدەن و وادەکەن جەستە پێشوەختە هۆڕمۆنی نێرینە و مێینە دەربدات.
- کێشی منداڵ بپارێزن: هانی کچەکانتان بدەن وەرزش بکەن و لە خواردنی خێرا و سوێر و زۆر چەور دووریان بخەنەوە.
- ئارامی دەروونی: رێگە مەدەن منداڵەکانتان لە تەمەنێکی بچووکدا بکەونە ژێر فشاری دەروونی.



