رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی بەریتانی ئامارێکی مەترسیدار لەنێو هاووڵاتییانی بەشداربوو ئاشکرا دەکات؛ رێژەی هەستکردن بە تەنیایی لەنێو خەڵکدا زیاد بووە و هۆکارەکانیش باس دەکرێن.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئیمپریاڵ کۆلێژی لەندەن لەسەر 135 هەزار کەس کراوە و دەرکەوتووە، زۆرترین ئەوانەی هەستیان بە تەنیایی کردووە دانیشتووی شارەکانن و ئەمە لە دانیشتووانی گوند و لادێکانی دەوروبەری شارەکان کەمترە.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، یەک لە شەش کەسی پێگەیشتوو بە دەست هەستکردن بە تەنیاییەوە دەناڵێنێت، بەشێکی زۆریشیان بەهۆی نەبوونی هاوڕێیەتی، هاوبەشی ژیان و گۆشەگیرییەوە بووە.
کاتێک توێژەران بە وردی شیکارییان بۆ داتاکان کرد، بۆیان دەرکەوت کە ئاستی هەستکردن بە تەنیایی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژمارەیەک ناوچەی گەورەی شارنشین بەرز بووە، لەوانەش لەندەن، بێرمینگهام و مانچێستەر.
ئۆستن ئەلئەستا، توێژەری بواری تەندروستیی گشتی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: هەستکردن بە تەنیایی پەیوەست نییە بە ئەزموونی کەسیی تاکەکەسەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی ئەو دەوروبەرەی لەسەرە کە تێیدا دەژی، لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی و ژینگەی دەوروبەری.
کۆرۆنا بەشێکی گەورەی ئەم کێشەی تەنیابوونەی دروستکردووە؛ نزیکەی 44٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە پەتای کۆرۆنا هەستی تەنیایی لای ئەوان زیاد کردووە، لە کاتێکدا 48.2٪ باسیان لە زیادبوونی گۆشەگیری کردووە دوای پەتاکە.
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHSـی بەریتانیا، تەنیایی دەکرێت ئەمانە بەدوای خۆیدا بهێنێت؛
- دڵەڕاوکێ
- خەمۆکی
- زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن
- تێکچوونی دەروونی
- زیادبوونی ئارەزووی خۆکوشتن



