رووداو - تەندروستی
سەنتەری جەڵتەی مێشک لە سلێمانی دەگاتە ئاستی ناوەندە پزیشکییە پێشکەوتووەکانی جیهان و بڕوانامەیەکی جیهانی لەلایەن رێکخراوی جیهانیی جەڵتەی مێشک پێدەبەخشرێت.
تەندروستیی سلێمانی لەم بارەیەوە رایدەگەیێنێت، بە فەرمی سەنتەری جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بووە بە سەنتەرێکی سەرەکیی تایبەتمەند Essential Stroke Center کە ئەمە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم بڕوانامەیە ببەخشرێت.
ئەمڕۆ شەممە 22-8-2026 د. زانا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی بەشەکە لە نەخۆشخانەی شار بە رووداوی راگەیاند، ماوەی راگەیاندنی سەنتەرەکە بە سەنتەرێکی سەرەکیی چارەسەریی جەڵتەی مێشك تاوەکو 2029ـیە و ئەم هەنگاوە ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سلێمانی دەباتە قۆناخێکی بەرزتر و نەخۆشخانەی شار دەکاتە ناوەندێکی جێ بڕوا و پڕ لە شانازی لەسەر ئاستی ناوچەکە.
د. زانا عەبدولڕەحمان روونی کردەوە، ئەوەی لە سەنتەرەکەمان زۆر بایەخی پێ دەدرێت و بووە جێی گرنگیی ئەو رێکخراوە جیهانییە، چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەو نەخۆشانەیە کە جەڵتەی مێشکیان تووشبووە بەهۆی خوێنمەیینەوە کە رێکاری کتوپڕیان بۆ دەکرێت لەکاتێکدا ئەمە لە جیهاندا پڕۆسەیەکی وردە و هەوڵی جیهانی بۆ رزگارکردنی نەخۆش لەم جەڵتەیە راگەیێندراوە.
دکتۆر سەفین عەبدولڕەحمان، پزیشکی پایەبڵندی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە سەنتەرەکە ئەوەی بە رووداو گوت، ''سەنتەرەکە لە نەخۆشخانەی شار پێشکەوتووە و 24 کاژێر خزمەت بە نەخۆش دەکات''.
دکتۆر سەفین ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا گەنجان زۆرتر تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، لەکاتێکدا لە رابردوو تەنیا بەساڵاچووان بوو.
ئەو پزیشکە پایەبڵندە هۆکارەکانی جەڵتەی مێشک لەنێو کەیسەکانیان باس دەکات کە ئەمانەن؛
- قەڵەوی
- خواردنەوەی کحول
- بەرزبوونەوەی پەستان، چەوری و شەکری خوێن
- بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمانی هەڵە
- زۆردانیشتن
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بەساڵداچوون
- رەگەز
بڕوانامەکە چییە؟
ئەمە سێ ساڵ جارێک تیمێکی رێکخراوی جیهانیی جەڵتەی مێشک سەردانی سەنتەرەکانی جەڵتەی مێشک دەکەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن، دوای هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانیان، بڕوانامەی دڵنیایی دەبەخشنە سەنتەرەکان.
''یەکەم سەنتەرە لە عێراق ئەم بڕوانامەیە وەربگرێت''
رێکخراوی جیهانیی جەڵتەی مێشک لەبارەی سەنتەرەکەوە رایدەگەیێنێت، ئەوە یەکەم نەخۆشخانەیە کە لە عێراقدا بڕوانامەی رێکخراوەکەیان بەدەستبهێنێت. ئەمەش وایکردووە ببێتە وەرچەرخانێکی تایبەت و گرنگ بۆ نەخۆشخانەکە و بۆ پەرەپێدانی چاودێریی رێکخراوی جەڵتەی مێشک لە عێراقدا.
ئەم بڕوانامەیە دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە چاودێریی کارەکانی سەنتەرەکەی کردووە و لەو بارەیەوە روونی کردووەتەوە، پابەندبوون، شارەزایی و دڵسۆزیی تیمەکە بۆ دابینکردنی چاودێریی کواڵیتیی بەرزی جەڵتەی مێشک هۆکاری سەرەکیی بەخشینی بڕوانامەکە بووە.
پاشانیش رێکخراوەکە سەنتەرەکەی سلێمانی کردووە بە ئەندامی رێکخراوەکە، ئەمەش دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە نوێترین توێژینەوەکانی جەڵتەی مێشک، سەرچاوە پەروەردەییەکان و وێبینارەکان دابین دەکات، وادەکات تیمەکان لە پەیوەندیدا بمێننەوە لەگەڵ تۆڕێکی جیهانیی پسپۆڕانی جەڵتەی مێشک.



