رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لەبارەی هەستاریی ددانەکانەوە دەڵێت، شێوازی نازانستی شووشتنی ددانەکان، بەکارهێنانی فلچەی رەق و جووڵەی خێرا دەبنەهۆی تەنکبوونی مینای ددان و داخورانی پووک دواتریش تووشبوون بە هەستیاری ددان.
ئەمڕۆ شەممە 22-8-2026 دکتۆر ئیسماعیل خاڵس، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان بە رووداوی راگەیاند، هەستیاری بە سارد، گەرم و شیرینی جگە لەو هۆکارانەی سەرەوە دەکرێت بەهۆی خۆراک و خواردنەوەی ترشیش رووبدەن.
دکتۆر ئیسماعیل خاڵس پێشنیاز دەکات، لەکاتی تووشبوون بە هەستیاری ددان سەردانی پزیشکی ددان بکرێت بۆ وەرگرتنی رێنمایی و چارەسەری پێویست.
ئەوەش پێشنیاز دەکات، رۆژی دوو جار ددانەکان بە فڵچەیەکی نەرم بشۆردرێن و فڵچەکە بە هێواشی بجووڵێندرێت و بخشێندرێت بە ددانەکان.
بەپێی مایۆکلینیک، کاتێک ددانەکان هەستیار دەبن ئازاری کورت و بەهێزیان دەبێت، دەکرێت هەر یەکە لە تەنکبوونی مینای ددان، داخورانی پووک، کلۆربوون، درز یاخود شکاویی ددان، پڕکردنەوەی ددان و هەندێکجار بەکارهێنانی هەویری سپیکەرەوەی ددان هۆکاری دروستبوونی هەستیاری ددان بن.



