رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، زرینگانەوەی گوێ بریتییە لە بیستنی دەنگێک (وەک زیکە، گزە، یان فسە) لەکاتێکدا هیچ دەنگێکی دەرەکی بوونی نییە، ئەم دەنگە دەکرێت لە یەک گوێ، هەردوو گوێ، یان لەنێو سەردا هەستی پێبکرێت و بە شێوەییەکی بەردەوام یان پچڕپچر.
دەکرێت ئەم حاڵەتە چەندین هۆکاری هەبێت، لەوانە؛
- کەمبوونەوەی بیستن بەهۆی پیری و تەمەنەوە
- بەرکەوتنی بەردەوام بە دەنگی بەرز و ژاوەژاو
- هەوکردنی گوێ
- فشاری دەروونی (سترێس) و بەرکەوتنی زەبری بەهێز
- هۆکارەکانی پەیوەست بە شێوازی ژیان؛ وەکو کێشانی جگەرە، خواردنەوەی کحول، قەڵەوی و زۆر خواردنەوەی کافایین
هەر بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زۆر لەو کەسانەی کە تووشی زرینگانەوەی گوێ بوون، کێشەی خەولێکەوتنیان هەیە و گرنگترین هۆکاری ئەم حاڵەتی زرگانەوە مەترسی لەدەستدانی بیستنە.
گۆڕانکارییە سادەکانی شێوازی ژیان کە دەتوانن یارمەتیدەربن بۆ کەمکردنەوەی زرنگانەوەی گوێ، بریتیین لە؛
- پاراستنی گوێیەکانت لە دەنگی بەرز
- کۆنتڕۆڵکردنی سترێس
- خواردنی خۆراکی تەندروست و وەرزش
لە درێژەی بابەتەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە، زرینگانەوەی گوێ دەکرێت زیان بە گوێیەکان بگەیێنێت. لەوانەیە سەرنج لەسەر دەنگە دەرەکییەکان قورستر بکات، کە دەکرێ وەک کەمبوونەوەی توانای بیستن دەربکەوێت.



