رووداو - تەندروستی
خۆراکی منداڵان و رەتکردنەوەی سەوزەکان تەنیا رەفتارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە دەمارەکانی تامکردن و سەرەتای گەشەکردنی منداڵەوە هەیە.
بەپێی توێژینەوەیەک لە بەریتانیا، باشترین کات بۆ راهێنانی منداڵ لەسەر خواردنی سەوزەکان، تەمەنی پێش قوتابخانەیە، چونکە منداڵ لەو کاتەدا ئەگەر فێر بکرێت، ئیدی بە درێژایی ژیانی لەسەر ئەو خۆراکە رادێت کە پێی دراوە.
پڕۆفیسۆر د. ماریۆن هێتەرینگتۆن، لە زانکۆی لیدز لە بەریتانیا دەڵێت "ئەگەر تاوەکو تەمەنی پێنج ساڵی بەردەوام سەوزە بە منداڵەکەت نەناسێنیت، دواتر زۆر سەخت دەبێت ئارەزووی بۆ دروستبکەیت، منداڵ پێویستی بە پێنج تا 15 جار تاقیکردنەوەی خۆراکێک هەیە تاوەکو پێی رادێت''.
توێژینەوەکە دەریخستووە، پێشکێشکردنی سەوزە بەرلە خواردنی کالۆرییە بەرزەکان (یان تەنانەت لە ژەمی بەیانیاندا) دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر لێی بخۆن، لە بەریتانیا دەرکەوتووە کە منداڵان زیاتر لە 60٪ی ئەو سەوزانەیان خواردووە کە لە ژەمی بەیانیاندا پێیان دراوە.
توێژەران ئەمانەی خوارەوە بۆ خۆشەویستکردنی سەوزە لای منداڵ پێشنیاز دەکەن؛
- گۆڕینی رێژەی خۆراکەکان و زیادکردنی سەوزە بۆ 50٪.
- گۆڕینی شێوەی رازاندنەوە و دیزاینی خواردن.
- خواردنی هاوبەش لەگەڵ خێزاندا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تەندروستی و خۆراکی منداڵان راستەوخۆ کاریگەریی سەرەکی هەیە لەسەر توانای سەرنج، رەفتار و تەنانەت ئاستی زیرەکی و خێرا فێربوونیان لە قوتابخانەدا، بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەوی لەناو منداڵاندا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی سەوزە و میوە لە ژەمی رۆژانەیاندا هەیە.



