رووداو - تەندروستی
16 هەزار قورچکی ڤاکسینی دژەئیبۆلا گەیێنرانە فڕۆکەخانەی کۆنگۆ و لەوێوە دابەشی سەر وڵاتەکە دەکرێت. لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دابینکراون و هەرچەندە بۆ جۆرە کۆنەکانی ئیبۆلا کاریگەرە، بەڵام پزیشکان پیێنا وایە لە هیچ باشترە بۆ ئەوەی دژی ئەم جۆرە نوێیەی ئیبۆلا بەکاریبهێنن.
د. ساوموێل رۆجەر کامبا، وەزیری تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەڵێت ''کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ رووبەڕووی بڵاوبوونەوەیەکی زۆر مەترسیداری ئیبۆلا بووەتەوە. پەتایەک کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەتان هاووڵاتیمان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2,300 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 5,000 کەسیش تووشبوون''.
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە. جۆرە نوێیەکەی ناوی بوندیبوگیۆیە و ئەم ساڵ لە چوار وڵات پەیدا بوو (کۆنگۆ، ئۆگەندا، فەرەنسا و ئەڵمانیا).
جولیان هارنیس، رێکخەری پرسی ئیبۆلا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ''پەتاکە بە فراوانی بڵاو دەبێتەوە؛ گەیشتووەتە فەرەنساش، تەنانەت بڵاوبوونەوەکە خێراترە لە وەڵامدانەوەی ئێمە''.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە ئەفریقا دەڵێت، ئەگەری هەیە ژمارەی قوربانییان ببێتە سێ هێندەی ئێستای واتە لە حەوت هەزارەوە ببێتە 21 هەزار.
ئەوەشی رێگر بووە لە کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، ململانێی چەکداری و هەژاریی ژێرخانی ئابوورییە لە کۆنگۆ.


