رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 35٪ـی خانمان پێیان وایە، شیریان بەشی کۆرپەکانیان ناکات و ئەمە بە هەڵەتێگەیشتنێکی باو دادەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-8-2026 د. هودا ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: نزیکەی 2٪ـی دایکان بەهۆکارێکی جەستەیی و پزیشکییەوە ناتوانن شیری خۆیان بە منداڵ بدەن، ئەگینا ئەوانی دیکە هەموویان توانایان هەیە بە تەواوی منداڵەکەیان تێرشیر بکەن.
د. هودا ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات، شیردانی سرووشتی راستەوخۆ دوای منداڵبوون خەمۆکیی دوای منداڵبوون کەم دەکاتەوە و پەیوەندییەکی پتەوتر لەنێوان دایک و کۆرپەکەی دروستدەکات.
جیاوازییەکانی شیری دایک و شیری قوتوو
شیری دایک
1- دژەتەنی تێدایە بۆ بەهێزبوونی بەرگریی جەستە
2- بە ئاسانی هەرسدەکرێت و قەبزی دروستناکات
3- پڕۆتینەکانی ئاسان هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری کەم دەکاتەوە
5- سرووشتییە و نابێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی تێدایە
شیری قوتوو
1- دژە تەنی تێدانییە
2- زۆرجار هەرسکردنی قورسە و منداڵ تووشی قەبزی دەکات
3- پڕۆتینەکانی بە قورسی هەرسدەکرێن
4- مەترسیی تووشبوون بە هەستیاری زیاددەکات
5- دەبێتەهۆی قەڵەوی
6- بەکتریا سوودبەخشەکانی لەنێودا کەمە یاخود نییە

